پۆمپیۆ: لەڕووی تەكنیكییەوە ناكرێت F-35 و S-400 لەیەك شوێندابن

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، ناكرێت فڕۆكەی F-35 بەئاسمانێكدا بفڕێت كە سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 تێدا چاڵاك بێت.

مایك پۆمپیۆ، لە میانی كۆبوونەوەی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیراندا لەبارەی بوودجەی وەزارەتەكەیەوە، بابەتی توركیاو سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 ی هەڵسەنگاند.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەدا كە بە كارێكی دروستی نازانن توركیا سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 بكڕێت و لەوبارەوە چەندین جار بۆچوونەكانیان بە بەرپرسانی توركیا راگەیاندووە.

مایك پۆمپیۆ بانگەشەی ئەوەی كرد كە لەڕووی تەكنیكییەوە ناكرێت F-35 و S-400 لەیەك شوێندابن و وتی: ناكرێت فڕۆكەی F-35 بەئاسمانێكدا بفڕێت كە سیستەمی بەرگری ئاسمانی S-400 تێیدا چاڵاك بێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریكا وەبیریهێنایەوە كە پێشنیاری سیستەمی پاتریۆتیان بۆ توركیا كردووە لە شوێنی S-400 و وتی: ئەم پێشنیازە هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆیە و كار لەسەر وردەكارییەكانی دەكرێت، ئەوەمان بۆ توركەكان پێشنیازكردووە كە پارچەیەكی گرنگی F-35 ەكان بەرهەم دەهێنن، ئەوان تەنها كڕیارنین، بەڵكو بەشێكن لە زنجیری بەرهەمهێنانی F-35 ەكان. بەڕوونیش پێمان راگەیاندوون ئەگەر S-400 بكڕن، ئەو دۆخە بوونی نابێت.

مایك پۆمپیۆ هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر توركیا سیستەمی S-400 بكڕێت، بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی سزاكانی ئەمریكا بۆسەر دوژمنانی (CAATSA)، رێگا لەبەردەم ئەگەری كۆمەڵێك سزادا دەكاتەوە.


PM:02:05:12/04/2019