کۆچبەرێکی عێراقی ڕێگایەکی جیاواز بۆ گەیشتن بە بەریتانیا بەکاردەهێنێت

کۆچبەرێکی عێراقی بە ڕێگایەکی نایاسایی و بە بەکارهێنانی تابوت هەوڵیدا بگات بە بەریتانیا و ئەو دوو کەسەی بەو کارە هەستاون شۆفێری ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی تەرم بوون.

ماڵپەڕی یۆرۆنیوز بڵاویکردەوە، ئەو کەسانەی بەو کارە هەستاون دوو هاوڵاتیی بە ڕەچەڵەک پۆڵەندی بوون و تابوتەکانیان هێناوەتە فەڕەنسا و هەوڵیانداوە بە ڕێگای کەشتیی بارهەڵگر و بە ناوی مردووەوە کۆچبەرەکە بگەیەننە ناو خاکی بەریتانیا.

ئەو دوو کەسەی بەو کارە هەستاون شۆفێری ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی تەرم بوون، پیشەکەیان بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی کۆچبەرانی عێراقی لە ڕێگای کەشتییە بارهەڵگرەکانی ناوچەی کالێ لە باکوری فەڕەنسا، بەڵام لەلایەن پۆلیسەوە پلانی ئەو کەسانە ئاشکرا کراوە و دەستگیرکران.

یەکێک لە ئەفسەرانی خاڵی پشکنین ئاماژەی بەوە کرد، لەکاتی گواستنەوەی ئەو تابوتانە بە بەتاڵی بۆ بەریتانیا، کێشی یەکێکیان بە شێوەیەکی نا ئاسایی زۆر بووە، بۆیە گومانیان لێ کردوون، کاتێکیش تابوتەکانیان کردووەتەوە، بینیویانە کەسێکی زیندوو لە یەکێک لە تابوتەکاندایە، کە ویستوویەتی بە ڕێگایەکی نایاسایی خۆی بگەیەنێتە بەریتانیا.
دادگای فەڕەنسا بڕیاریدا، بە تۆمەتی "گواستنەوەی کەسانی بیانی بەبێ بەڵگە" ئەو دوو شوفێرە بە ١٤ مانگ زیندانی سزابدرێن، لەگەڵ وەرگرتنەوەی ئەو پارەیەی بەرامبەر گواستنەوەی ئەو هاوڵاتییە عێراقییە وەریانگرتبوو.



PM:05:01:12/04/2019