سەعدی پیرە: بابەتی دوو جێگری سەرۆكی هەرێم بڕاوەتەوە

سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان  سەبارەت بە هەبوونی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم لە پشكی یەكێتی دەڵێت "ئەو بابەتە كۆتایی هاتووە و لانی كەم ئەوەی یەكێتی جێگری دووەمی نیە".

سەعدی پیرە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا ڕەتیكردەوە پێكهێنانی حكومەت لەسەر یەكێتی پەكی كەوتبێت و دەڵێت "هۆكاری دواكەوتنی واژۆكردنی پڕۆتۆكۆلی شێوازی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لەسەر داوای پارتی دیموكراتی كوردستان بوو چونكە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان تەواویان نەكردووە دیارە نیگەرانیەك هەیە پێم وایە سبەی سێ شەممە ئەو بابەتە كۆتایی پێدێت."

سەعدی پیرە ئەوەشی ڕەتكردەوە كە جێگری دووەمی سەرۆكی هەرێم بدرێت بە یەكێتی و وتی" من لەڕاگەیاندنەكانەوە دەستەواژەی جێگری یەكەم و دووەمم بیستووە، چونكە لە یاساكەدا (پڕۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم)دا هاتووە كە سەرۆكی هەرێم دوو جێگری دەبێت جا لەماوەی پانزە ڕۆژ دوای هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم كار و بەرپرسیارێتی جێگرەكان دیاری دەكرێت، واتە نەیەكەمی تێدایە نە دووەمی تێدایە واتە لانی كەم ئەوەی یەكێتی جێگری دووەم نیە ئەگەر تێیدا بێت بەڵام لەجێگرەكان نەنوسراوە یەكەم و دووەم."

سەبارەت بە جێگرەكەی یەكێتی، پیرە وتی "دیارە سەرۆكی هەرێم دەسەڵاتی هێزە چەكدارەكان و ئەمنیەكانی هەیە،مەنتق وادەڵێ كە جێگرەكەی یەكێتی بەرپرسی ئەو بەشە دەبێت."

وتیشی" بۆ ئێمە و پارتی بابەتی هەبوونی جێگرێك بۆ سەرۆكی هەرێم لە پشكی یەكێتی كۆتایی هاتووە، باشترە لەسەر نیگەرانیەكانی گۆڕان لەوبابەتە پرسیار لە خۆیان بكرێت، چونكە ئەوە پەیوەندی نەما بە ئێمەوە لای ئێمە كۆتایی هاتووە. "

پیرە بەدوری زانی ڕێككەوتنی نێوان گۆران و پارتی بەهۆی پێداگیری یەكێتیەوە لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێم هەڵوەشێتەوە و دەشڵێت "ئەوە ئەگەرێكی زۆر لاوازە هەتا ئەگەر ئەو ئەگەرەش ڕویدا ئەوە كێشەی نێوان گۆڕان و پارتی خۆیانە دەبێت خۆیان لەگەڵ پارتی ڕێكبكەون."

سەبارەت بە كۆبوونەوەیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان سەعدی پیرە وتی"من وای بۆ دەچم داواكرابێت لە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ كۆبونەوە، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان خۆی بەستەوە بە "وەهم-ێك" كە گوایە تەقە كراوە ئەوە سەد جار باسكرا كە ئەو ڕووداوە لەنێوان دوو بەرپرسی یەكێتی و گۆڕاندا بووە كە هەردوكیان لە كۆنەوە یەكتر دەناسن، هیچ پەیوەندی بە مەكتەبی سیاسی یەكێتیەوە نیە وە هیچ سودێكیشی بۆ یەكێتی نیە، لانی كەم ئیدارەی سلێمانی لە ملی یەكێتیە چۆن هەوڵدەدات ئیدارەی سلێمانی توشی كێشە بكات بەڕاستی ئەوە "مەنتقی" تێدانیە، بەهەرحاڵ ئەوان بەردەوامن لەسەر ئەوە بۆچی بەردەوامن سودی چی بوو؟ بۆ كێ بوو؟ لانی كەم ئەوە سودی باشكردنی پەیوەندی نێوان گۆڕان و یەكێتی تێدا نەبوو."

ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەوەشی وت " ئەوكات من وتەبێژ بووم باسی ڕوداوەكەم كرد و ڕونكردنەوەم دا وە داوای لێبوردن-یشمان كرد، وە ئەو هەڤاڵەی ئێمە شێخ جەعفەر ڕونكردنەوەیدا لەتەلەفزیۆن كە ئەمە هیچ بڕیارێكی یەكێتی نەبووە، من تا ئێستاش تێنەگەیشتم هۆكەی چی بوو؟ چ پەیوەندی بە قەبری كاك نەوشیروان هەبوو؟ ئەمە چیرۆكێك بوو دروستكرا بۆ ئەم بیانووە، بەهەرحال ئێستا ئەوە كێشەی ئێمە نیە، بە ئەندازەی پێویست داوای لێبوردن كراوە و ڕونكردنەوە دراوە، بەخۆڕایی گەورەكرا بۆ مەبەستی سیاسی گەورەكرا."




PM:01:41:15/04/2019