هاوڵاتیەك كوژرا و ئۆتۆمبێلەكەشی سوتێنرا

لە قەڵادزێ تەرمی ھاووڵاتییەك دۆزرایەوە و شوێنەواری چەقۆ بەسەر جەستەیەوە دیارە و ئۆتۆمبێلەكەشی سوتێندراوە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد "ئەمڕۆ دووشەممە تەرمی هاووڵاتییەك بەناوی (س . ع . ئـ) لەدایكبووی ساڵی 1969، دانیشتووی گەڕەكی خانەقای قەڵادزێ گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتی قەڵادزێ كە شوێنەواری چەقۆ بەسەر جەستەیەوە ھەیە".

ئاماژە بەوەشكراوە "بە وتەی كەسوكاریان لە دوێنێوە لە  ماڵەكەی چووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە و دواتر هێزە ئەمنییەكان لە لایەن كەسوكاری ئاگادار دەكرێنەوە و لێكۆڵینەوە دەست پێدەكات، پاش بەدەستهێنانی زانیاری ورد دەستبەجێ هێزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی پشدەر و بنكەی پۆلیسی فریاكەوتن و بنكەی پۆلیسی راپەڕین تەرمەكەیان دۆزیەوە".

ئەوەخراوەتەڕوو "پاش كوشتنی تاوانلێكراو ئۆتۆمبێلەكەیان بردووەتە نزیك گوندی (گردەسپیان) بە دووری نزیكە 15 كیلۆمەتر لە شوێنی رووداو لە لایەن هێزەكانی پۆلیس و ئاسایش بە سوتاوی دۆزراوەتەوە".

پۆلیسی راپەڕین راشیگەیاند "دوای رووداوەكە دەستبەجێ تیمی لێكۆڵینەوەی تاوانی پشدەر بە وردی پشكنینی بۆ تەرمی تاوانلێكراو و شوێنی رووداوەكە كردووە، لەئێستاشدا تەرمەكە لە پزیشكی دادوەری قەڵادزێیە، تاوانلێكراو باوكی 6 كوڕە، مەلەفی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە".

ئەمیر حەسەن



ئه‌م بابه‌ته ‌1548 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:02:30:15/04/2019