قایمقامیەت هاوڵاتیان لە كڕینی ئەم جۆرە ئاوە ئاگادار دەكاتەوە

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان لەقائیمقامیەتی‌ سلێمانی‌ هۆشداری دەدات و داوا لەهاوڵاتیان دەكات ئاوی خواردنەوەی بەرتیشكی خۆر نەكڕن.

گۆران قادر، سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان، لەراگەیەندراوێكدا كەوێنەیەكی‌ بۆ "سپی" نێردراوە، تێیدا رایگەیەندراوە: بەهۆی تیشكی خۆرەوە كارلێككردن لەنێوان دەبەی پلاستیك و ئەو ئاوەی بۆخواردنەوە تێی دەكەن، پێكهاتەكە زوو دەگۆڕێت شیاوی خواردنەوەی نامێنێت.

وتیشی‌: بەهاوكاری لایەنە پەیوەندیدارەكان، لیژنە هاوبەشەكان رێگری لەو بارهەڵگرانە دەكات بەسەردانە پۆشراوی لەكارگەكان یاخود لەكۆگاكانی عەمباركردنەوە‌ ئاوی خواردنەوەی لەدەبەنراو دەگوازنەوە بۆ بازاڕ و چێشتخانەو ماركێتەكان، دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەكەیاندا دەگیرێت.

سەرۆكی لیژنە هاوبەشەكان وتی: پێشتر دوكان و ماركێتەكان ئاگاداركراونەتەوە نابێت خواردن و خواردنەوەكان لەبەر تیشكی خۆر دابنرێت، لەبەرئەوەی پێش وادەی بەسەرچونیان زووخراپ دەبن و زیان بۆسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەكەن.

سەرۆكی لیژنەهاوبەشەكان داوا لە هاوڵاتیان دەكات لەكاتی كڕینی ئاوی خواردنەوەدا شوێنێك ئاوی خواردنەوەی لەدەبەنراوی لەبەر تیشكی خۆر دانابوو لێی نەكڕن، تەنها لەو شوێنانە ئاوی خواردنەوەی لەدەبەنراو بكڕن دورلەتیشكی خۆر و شوێنی تایبەت دایانناوە.



PM:02:55:15/04/2019