لەبارەی کۆبوونەوەی وەفدی هەرێم و بەغدا ڕوونکردنەوە دەدرێت

وەزارەتی پێشمەرگە راگەیاندراوێك لەبارەی كۆبوونەوەیان لەگەڵ وەفدێكی وەزارەتی بەرگری عیراق بڵاودەكاتەوە و هۆکار و ئەنجامی کۆبوونەوەکە ئاشكرا دەكات.

بەگوێرەی راگەیاندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، كە وێنەیەكی دەست "سپی" كەوتووە، ئەمڕۆ 15ی نیسانی 2019، لیژنەی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە بەسەرۆكایەتی فەریق جەمال محەمەد سەرۆكی هەیئەی ئەركان و بەئامادەبوونی فەریق جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەت و ئەفسەرانی پلە باڵای وەزارەت، پێشوازیان كرد لە وەفدێكی وەزارەتی بەرگری عێراق، كە پێكهاتبوو لە هەریەك لە لیوا گوهدار بەڕێوەبەری گشتی هەواڵگری و ئاسایش و لیوا هاشم بەڕێوەبەری هەواڵگری وێنەیی و نەخشەكان و لیوا زییا بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و عەمید خەسرۆ بەڕێوەبەری هەواڵگری عێراق لە هەولێر.

راگەیاندراوەكە ئاماژەی بەوەشكردووە كە لە ‌دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، ئاكامی لیژنە مەیدانییەكان بۆ روپێوكردنی هێزەكانی پێشمەرگەو هێزەكانی عێراقی لەسەر نەخشە خرایەڕوو، بە ووردیش خاڵەكانی تایبەت بە ‌هێزی پێشمەرگە‌و هێزەكانی عێراق دیاریكراوە.

وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكراشیكردووە كە لە كۆبوونەوەكەدا جەخت لەسەر هەماهەنگی نێوان هەردوولا و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەكانی نێوانیان كرایەوە لە رووبەڕووبونەوەی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش و گروپە تیرۆریستییەكانی تر لەناوچە جیاجیاكانی عێراق و ناوچەكانی دەرەوی ئیدارەی هەرێم، بڕیاریشدرا بەزووترین كات لیژنەی باڵا كۆببێتەوە.


PM:06:00:15/04/2019