بەرپرسێکی باڵای یەکێتی بە "زۆرەملێ" بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان دابنێت

 لێپرسیاوی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی بەبێ رەزامەندیی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی،  کەسێک بە بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان دادەنێت.

رۆژنامەی زەمەن لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردەوە، کە لە رۆژی یەکشەممە، بە فەرمانی حاکم قادر، لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی، لەلایەن کۆمیتەی ئەو حزبەوە، بەبێ رەزامەندی بەڕێوەبەرایەتى گشتى پەروەردەى سلێمانیی فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ (هاوار حەمید مەجید) وەک بەڕێوەبەرى پەروەردەى دەربەندیخان دەرکراوە.

رۆژنامەکە لە زاری دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی ئاشکرایکردووە، ئەو کەسەى دانراوە ئەندامى کۆمیتەی یەکێتییەو ٢٣هەمین پاڵێوراوە بەپێى ئەو سیڤیانەى بۆ وەرگرتنی پۆستەکە پێشکەش کراون. کەچی بەرپرسى مەڵبەندى سلێمانى یەکێتی دەستی وەرداوەتە کاروباری حکومەتەوەو بێ ئەوەى فەرمانى بەڕێوەبەرایەتی گشتی هەبێ، وەکو بەڕێوەبەری پەروەردەی دەربەندیخان بڕیاری دەستبەکاربوونی بۆ دەرکردووە.

دوای دانانی ئەو بەڕێوەبەرە لەلایەن حاکم قادرەوە، رۆژی دووشەممە ١٥ی نیسان، دڵشاد عومەر بە دوو نووسراوی جیاواز وەزارەتی پەروەردەو پارێزگای سلێمانی لەو کارە نایاساییەی بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی ئاگادارکردووەتەوەو داوایکردووە "مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسەدا نەکەن چونکە بە فەرمانی حزبیی دانراوەو هیچ پاڵپشتیەکی یاسایی نییە".

بەپێی نووسراوەکانی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بەفەرمانی لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەکێتی و لەلایەن کۆمیتەی ئەو حزبەوە دەستبەکاربوون بۆ (هاوار حەمید) کراوەو لە جێگەی (شاهۆ ئەحمەد حەسەن) بەڕێوەبەری پەروەردە بە وەکالەت دانراوە، ئەوەشی بە کارێکی نایاسایی و نابەرپرسانەو بەزاندنی هەموو پیرۆزییەکانی یاساو رێنماییەکانی حکومەت و دەستوەردانی راستەوخۆ لە کاری حکومداریی ناوبردووە.

بەڕێوەبەری گشتی  پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوەشداوە، ئەوە چەندینجارە کاری لەوشێوەیە دووبارە دەبێتەوە وەک لابردنی بەڕێوەبەری قوتابخانەی سابیس و دانانی یاریدەدەری زیادە بۆ قوتابخانەی تر، بۆ ئەوەش داوای گرتنەبەر رێکاریی یاسایی لە وەزارەتی پەروەردە دەکات بەرامبەر ئەو دەستوەردانە حزبییانەی بەرپرسانی یەکێتی.

PM:12:17:16/04/2019