دابەشكردنی موچەی وەزارەتێكی دیكە ڕاگەیەندرا

وەزارەتی‌ دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم لە دابەشكردنی موچە بەردەوامە و ئەو وەزارەتە ڕاگەیەندرا كە ڕۆژی پێنجشەممە موچە وەردەگرێت.

بەگوێرەی‌ ڕاگەیەنراوێكی‌ وەزارەتی‌ خوێندنی باڵاو توێژینەوەی‌ زانستی‌ حكومەتی‌ هەرێم كە وێنەیەكی‌ بۆ "سپی" هاتووە ئاماژە بۆ ئەوە كراوە " عەباس ئەكرەم وتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی‌ بەپەیوەندیەكی‌ نێوان د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا لەگەڵ وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی‌ هەرێم كردوەو وەزیری‌ داراییش ئاشكرایكردوە، ڕۆژی پێنجشەممە 18ی‌ 4ی‌ 2019 موچەی وەزارەتی خوێندنی باڵاو زانكۆكان دابەشدەكرێت".

لەو ڕوەشەوە داوا لەیەكەی ژمێریاری هەریەك لەزانكۆكان كراوە ئامادەكاری پێویست بكەن بۆ ئامادەكردنی لیستەكان بۆ ئەوەی لەڕۆژی پێنجشەممەدا موچەی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی دابەشبكرێت.

ِدابەشكردنی‌ موچەی‌ ئەو وەزارەتە لەكاتێكدایە بەیانی‌ ئەمڕۆ فەرمانبەرانی‌ هەردوو كەمپی‌ كۆن و نوێی‌ زانكۆی‌ سلێمانی‌ بایكۆتی‌ دەوامیان ڕاگەیاندو جەختیانكردەوە، 34 ڕۆژە موچەیان وەرنەگرتوە، بۆیە تائەوكاتەی‌ موچەیان پێنەدرێت، دەوامناكەن.

ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەم مانگە بەراورد بە مانگی ڕابردوو دواكەتووە و بەو هۆیەشەوە دابەشكردنی موچەی مانگی یەكی فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم دواكەوتووە و ناڕەزایەتی لای فەرمانبەران دروستكردووە.




PM:02:25:16/04/2019