هەسەدە هاتنەناوەوەی هێزێکی تورکی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ڕەتدەکاتەوە

بەرپرسێکی باڵاى هێزەکانی سوریای دیموکرات ئاشکرایکرد، ئەمریکا داوای لە هەسەدە کردووە ڕێگە بە هاتنەناوەوەی هێزێکی تورکی بۆ ناو سوریا بدات، بەڵام هەسەدە داواکەى رەتکردووەتەوە.

بەرپرسەکە کە ناوى نەهێنراوە بە ماڵپەڕى ئەلمۆنیتەرى ئەمریکى راگەیاندووە، ئەمریکا داوای لە لایەنی کوردی لە سوریا کردووە کە ڕێگە بە هاتنە ناوەوەی هێزێکی تورکی بدەن بۆ ناو خاکی سوریا تا لە سنوری نێوان تورکیا و سوریا جێگیربکرێن.

وتیشى ئەمریکا داوایکردووە هێزە تورکیەکە بە درێژایی سنوری ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فوڕات تا سنوری عێراق جێگیربکرێن، هەسەدەش بوونی هێزی تورکی لەسەر خاکی وڵاتەکەی بە کێشەیەکی گەورە دەبینێت و هەڵوێستی خۆی بە ڕوونی لەوبارەیەوە بە ئەمریکا گەیاندووە و داواکەى رەتکردووەتەوە.

تورکیا ماوەى چەند مانگێکە بەردەوامە لە ناردنى هێز بۆ سنورەکانى رۆژئاواى کوردستان و هەڕەشەى لەشکرکێشى دەکات، هەسەدەش جەختدەکاتەوە کە بەرەنگارى هەر هێرشێک دەبنەوە کە بکرێتە سەر ئەو ناوچانەى لەژێر دەستیاندایە.

  


PM:06:08:16/04/2019