ئەمڕۆ پارەکەی بەغدا بۆ موچەی فەرمانبەران دەگاتە هەرێم

پەرلەمانتارێکی کورد له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌مڕۆ به‌غدا مووچه‌ی مانگی نیسان ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات.
 
کاوە محەمەد پەرلەمانتاری گۆران لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە سپی راگەیاند" لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و شایستەی جوتیاران، درەنگانی شەوی رابردوو لەگەڵ بەڕێز (د.فوئاد حسێن) وەزیری دارایی عیراق قسەمانکرد و روونیکردەوە کە جگە لەوەی مووچەی تەواوی مانگەکانی (١، ٢، ٣) بۆ هەرێم نێردراوە، وتی ئیمزام لەسەر ناردنی مووجەی مانگی چواریش کردووە و سبەی (واتە ئەمڕۆ چوارشەممە) بۆ هەرێم دەنێردرێت.

وتیشی، "عەیبەیەکی گەورەیە بۆ حکومەتی هەرێم کە تا ئێستا مووچەی مانگی (١) یشی دابەش نەکردووە و لەملا و ئەولاش لێدوانی چەواشەکارانە دەدرێت کە گوایە پارە لەبەغداوە نەگەیشتووە".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە ئاماژەی بەوەشکردووە، "لەبارەی شایستە داراییەکانی جوتیارانیش داوام لێکرد کە لەگەڵ وەزیری بازرگانی و سەرۆک وەزیران ئەم پرسە یەکلابکەنەوە و ئەو پارەیەی بۆ قەرزی ساڵەکانی (٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦) تەرخانکراوە، بۆ جوتیارانی هەرێم سەرف بکرێت و چیتر دەستی دەستی بە جوتیارانی هەرێم نەکرێت، ئەویش بەڵێنی دا کە کاری لەسەر بکات و وتی سبەی هاوسەفەری سەرۆک وەزیران دەبم بۆ سعودیە و لەوبارەیەوە قسەی لەگەل دەکەم".

ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدایه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تائێستا مووچه‌ی مانگی یه‌كی ئه‌مساڵی به‌شێكی زۆر له‌ فه‌رمانبه‌ران دابه‌شنه‌كردووه‌، ئه‌مه‌ش ناڕه‌زایه‌تی فه‌رمانبه‌رانی لێكه‌وتووه‌ته‌وه‌.


AM:11:50:17/04/2019