شەوی ڕابردوو لەلایەن بەشی پۆلیسی سەید سادق –بنكەی حەسار دوو تۆمەتبار دەستگیركران كە دەرگای شوێنی مانەوەی پاسەوانی پاركی حەساریان شكاندبوو و بەوهۆیەوە بیناكە گریگرتووە.
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، دوای ئەوەی هێزەكانی پۆلیسی سەیدسادق لەڕوداوێك ئاگاداركرانەوە لەناو پاركی حەسار لە قەزای سەید سادق دەستبەجێ هێزەكانی بەشی پۆلیسی سەید سادق – بنكەی حەسار چوونە شوێنی ڕوداوەكە و دەركەوت كە دوو تۆمەتبار دەرگای شوێنی مانەوەی پاسەوانی پاركی حەساریان شكاندووەو چونەتە ژورەوەو بەهۆی دەستكاریكردنی سندوقی كارەبای ژورەكەش شورتی كارەبا دروست بووە بیناكە سوتاوە و دوو تۆمەتبارەكەش بریندار بوون .
ئەوەشخراوەتەڕوو، هێزەكانی پۆلیس بریندارەكانیان ڕەوانەی نەخۆشخانە كردوو دوایی لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كە ئەم دوو تۆمەتبارە بەمەبەستی خواردنەوەی مەی ڕویان لەو شوێنە كردووە .
پۆلیسی سلێمانی جەختیشكردوەتەوە، لەئێستادا بەفەرمانی بەڕێز دادوەرو بەپێی ماددەی 477 لەیاسای سزادانی عیراقی هەردوو تۆمەتبارەكە ڕاگیراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە .