لە بەغداوە ڕوونكردنەوە لەبارەی موچەوە دەدرێت

د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دواكەوتنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، روونكردنەوە دەدات و دەڵێت "ناردنی موچە هیچ مەترسیەكی لەسەر نییە".

جێگری سەرۆكی‌ پەرلەمانی عیراق، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك رایگەیاندووە، "ناردنی‌ پارەی‌ تەرخانكراو بۆ مووچەی فەرمانبەرانی‌ هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە هیچ گرفتێكی نییە، مانگانە وەك خۆی رەوانە دەكرێت و هیچ مەترسیەكی‌ راگرتنی‌ نییە".

بەشیر حەداد هۆكاری دواكەوتنی ناردنەكە بۆ رێكارە ئیداری، یاسایی و داراییەكان دەگێڕێتەوە و رایگەیاندووە، بەشێكی‌ زۆری‌ پارێزگاكانی‌ عێراقیش ئەو گرفتەیان هەیە.

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دڵنیایی داوەتە مووچەخۆرانی كوردستان، كە هەوڵدەدەن لەداهاتویەكی‌ نزیكدا هەموو رێوشوێنێكی‌ پێویست لەگەڵ حكومەتی‌ فیدراڵ و وەزارەتی‌ دارایی عیراقدا بگرنەبەر، بۆ ئەوەی‌ مانگانە لە یەك كاتی‌ دیاریكراودا مووچەی‌ فەرمانبەرانی‌ هەرێمی كوردستان رەوانەبكرێت.



AM:09:32:18/04/2019