هۆشیار زێباری: هەوڵی رووخاندنی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەدرێت

هوشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و وەزیری پێشتوتری دارایی عێراق، لە رێگەی تویتەرەوە بڵاویكردەوە چەند لایەنێكی هەوڵی رووخاندنی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەدەن.

هوشیار زێباری لە تویتەكەیدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە "حزبی دەعوەی ئیسلامی و رەوتی حیكمە دەستیان بە جووڵە كردووە بۆ ئەوەی حكوومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی بڕوخێنن و پێویستە رابگیرێن".

زێباری تویتەكەی بە زمانی ئینگلیزی بڵاوكردووەتەوە و دەڵێت "حزبی دەعوەی ئیسلامی پلان دادەڕێژێ بۆ ئەوەی بێتەوە ریزبەندی یەكەمی دیمەنە سیاسییەكە و بگەڕێتەوە سەر سەكۆی بڕیاردان، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ رەوتی حیكمەی عەمار حەكیم هاوكاریی دەكات بۆ ئەوەی عادل عەبدولمەهدی لە دەسەڵات دووربخرێتەوە".

هەروەها نوسیوویەتی "ئەو جموجووڵە پاش ئەوەیە، دەنگدەرانی عێراق لە هەڵبژاردنی ساڵی 2018 سزایدان و بە دەنگێكی بەرز و بەتوندی ووتیان، پێویستە بوەستێنرێن چونكە هیچ شتێكی نوێیان پێنییە بۆ عێراقییەكان و ئەوەی كردوویانە دووبارەی دەكەنەوە".

هاشم ركابی، بەڕێوەبەری ئۆفیسی ئەمینداری گشتی حزبی دەعوەی ئیسلامی لە تویتەرەوە نوسیویەتی "ئەو هەواڵانەی كە باسی هاوپەیمانێتییەكی سیاسی دەكەن بۆ ئەوەی عادل عەبدولمەهدی لە دەسەڵات دووربخرێتەوە دوورن لە راستییەوە"‌.



AM:10:29:18/04/2019