نێچیرڤان بارزانی لەبارەی ڤیزەی گەشتیارانی ئێرانی بڕیار دەدات

سەركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر دەڵێت كە لەسەر فەرمانی نێچیرڤان بارزانی باجی سەر ڤیزەی گەشتیارانی ئێرانی لادەبرێت.

مورتەزا عەبادی سەرکونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بە ئاژانسی كوردپرێسی ڕایگەیاندووە "لە كۆبونەوەی رۆژی 17 ی نیسان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فەرمانی وەرنەگرتنی باجی ڤیزەی بۆ گەشتیارانی ئێرانی دەرکرد.
 

وتوشیەتی "پێشتر 25 هەزار دینار لە گەشتیارانی ئێرانی وەردەگیرا، بەڵام فەرمانەكەی نێچیرڤان بارزانی لە یەك دو رۆژی دیكەدا جێبەجێ دەكرێت و  باجی سەر ڤیزەی گەشتیارانی ئێران هەڵدەگیرێت".

کونسوڵی ئێران لە هەولێر ئاشکراشیکردوە لە "یەکی نیسانەوە کونسوڵخانەکانی ئێران لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڤیزەی بێ بەرامبەر بۆ گەشتیارانی عێراق و هەرێم دەردەکەن.

هەڵگرتنی ڕسوماتی ڤیزە كاریگەری دەبێت لە هەڵکشانی ڕێژەی گەشتیاران لەنێوان هەردو وڵات، داتاکانیش ئەوە دەسەلمێنن کە هاتنی گەشتیاری عێراقی بۆ ئێران مامناوەندی 3هەزار کەسی تێپەڕاندوە و ئێستا ڕۆژانە زیاتر لە 3 هەزار کەس بە بنەماڵەوە سەردانی ئێران دەکەن".

عەبادی وتوشیەتی كە ڤیزەی جۆربەجۆر بە گەشتیارانی عێراقی و هەرێمی كوردستان دەدرێت کە بریتین لە: ڤیزەی گەشتیاری، ڤیزەی سەردانیكردن، ڤیزەی بنەماڵەیی، ڤیزەی پزیشکی، ڤیزەی چونەژورەوە، ڤیزەی خوێندن و هتد...


PM:05:49:18/04/2019