لەژێر فشاردا هۆشیار زێباری پۆستێکی سڕیەوە

دوای ئەوەی دوێنێ لەسەر پۆستێكی لە تویتەر هۆشیار زێباری روبەروی رەخنەی توندی سەركردەكانی حزبی دەعوە و رەوتی حیكمە بویەوە، بەو هۆیەوە پۆستەكەی سڕیەوە.

دوێنێ، پێنجشه‌ممه‌ هوشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و وه‌زیری پێشوتری دارایی عێراق لە تویتێکدا رایگەیاند "حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی و ره‌وتی حیكمه‌ ده‌ستیان به‌ جوڵه‌ كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی بڕوخێنن".

پۆستەكەی هۆشیار زێباری لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، كاردانەوەی توندی بەدوای خۆیدا هێنا، بەجۆرێك سەڵاح عرباوی، بەرپرسی نوسینگەی عەممار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە دوێنێ پێنجشەممەبە زێباری رایگەیاند "پێش ئەوەی خۆت بكەیت بە پارێزەری حكومەتەكەی عەبدولمەهدی، رێككەوتنەكەی خۆتان لەگەڵیدا بەئەنجامبگەیەنن و 250 هەزار بەرمیل بخەنە ناو خەزێنەی دەوڵەتەوە نەك گیرفانی حزبەكان".

لەلایەكی دیكەشەوە هاشم ركابی، به‌ڕێوه‌به‌ری ئۆفیسی ئه‌مینداری گشتی حزبی ده‌عوه‌ی ئیسلامی رایگەیاند "ئه‌و هه‌واڵانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن هاوپه‌یمانێتی دەوڵەتی یاسا په‌یوه‌ست بوه‌ به‌ كوتله‌یه‌كه‌وه‌و ئامانجیان ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌ت بڕوخێنن یان بیگۆڕن، دورن له‌ راستییه‌وه"‌.


PM:04:19:19/04/2019