دەنگۆی چوونی رۆناڵدۆ زیاتر دەبێت

تا دێت دەنگۆی چونی رۆناڵدۆ لە یانەی یۆڤانتۆس زیاتر دەبێت، ئەمەش دوای ئەوەی ئەو یاریزانە یانەکەی لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا کرایە دەرەوە.
رۆژنامەکانی ئیتاڵیا ئەمڕۆ هەواڵی نوێیان لەسەر داهاتووی رۆناڵدۆ بڵاوکردۆتەوەو ئاشکرایان کردووە ئەو یاریزانە لە ساڵی ٢٠٢٠ و پێش ٢ ساڵ لە تەواوبوونی گرێبەستەکەی، یانەی یۆڤانتۆس جێدەهێڵێت.
هەروەها رۆژنامەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردۆتەوە، ئەو یاریزانە نیازی ئەوەی نیە لەم هاوینە بڕوات، بەڵام داواکاری لە ئیدارەی یانەکەی هەیەو  دەیەوێت یاریزانی ئەستێرە پەلکێش بکەن، تا لە وەرزی داهاتوو خولی یانە پاڵەوانەکان ببەنەوە.
یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی لە چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکان، لە یاریگای خۆی ٢-١ بە یانەی ئەجاکسی هۆڵندی دۆڕاو کرایە دەرەوە، بەڵام ئەگەر سبەی یانەکە لە یانەی فیۆرنتینا بباتەوە، ئەوا دەبێتە پاڵەوانی خولی یانەکانی ئیتاڵیا.



PM:11:14:19/04/2019