هەنگاو: لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا پێنج هاوڵاتی کورد لەسێدارە دراون

رێکخراوی‌ هەنگاو بۆ مافەکانی‌ مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا لە ئێران پێنج هاوڵاتی‌ کوردی‌ رۆژهەڵاتی‌ کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی‌ دادوەری‌ ئێرانەوە سزای‌ لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.

 بەگوێرەی بەیاننامەکەی رێخراوەکە، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە ١٨ی نیسانی ٢٠١٩ حوکمی سێدارەی هاووڵاتییەکی کورد لە بەندیخانەی دێزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کراوە.

ئەوە‌شخراوەتەڕوو، کە بەندکراوەکە بەتۆمەتی کوشتنی ئەنقەست حوکمی سێدارەی بە سەردا سەپاوەو هاوکات لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە هەتا ئێستا لە هیچ میدیایەکی حکومەتی و مافی مرۆڤی بڵاو نەبووەتەوە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەیدا رێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کە
 سێ هاوڵاتی‌ دیکەی کوردی‌ رۆژهەڵاتی‌ کوردستان لەلایەن دەسەڵاتی‌ دادوەری‌ ئێرانەوە سزای‌ لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، کە لە بەندیخانەی ئیلامدا زیندانن و تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستیان خراوەتە پاڵ.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٩ەوە هەتا ئێستا، حوکمی سێدارەی ١١ بەندکراوی کورد کە بە تۆمەتی کوشتنی ئەنقەست بەسەریاندا سەپاوە، لە بەندیخانەکانی ئێران جێبەجێ کراوە.

 


AM:10:00:20/04/2019