دوو ژن بەدەستی هاوسەرەکانیان کوژران

دوو ژنى خەڵکى پارێزگاى ئیلامى ڕۆژهەڵاتى کوردستان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە کوژران و تەرمى یەکێکیشیان خراوەتە ناو ڕووبارێک.

ڕێکخراوى هەنگاو بۆ مافەکانى مرۆڤ بڵاویکردەوە، لە ناوەڕاستى مانگى ئازارى ساڵى ڕابردوودا پیاوێکی تووشبووی ماددە هۆشبەرەکان، لە شاری مەلەکشاهی ئیلام ژنەکەی خۆی بە ناوی "گراوەندی" هەڵواسیوە.

ڕاشیگەیاندووە، گراوەندی مامۆستای قوتابخانە و دایکی دوو منداڵی تەمەن دوو ساڵ و چوار ساڵ بووە، لە ماوەی رۆژانی ڕابردوودا دوای ئەوەی یەک مانگ لە کۆما "بێ هۆشییەکى قوڵ" دا بوو، گیانی لەدەستداوە.

بەپێی هەواڵەکەى ڕێکخراوى هەنگاو پیاوێکى خەڵکی شاری سیروانیش لە سەرەتاى مانگى نیسانى ئەمساڵ، هاوسەرەکەى کوشتووە و تەرمەکەی خراوەتە ناو ڕووبارێکەوە.

هاوکات ڕوونیشیکردووەتەوە، پیاوەکە دوای تیپەڕبوونی دوو هەفتە لە کوشتنی هاوسەرەکەى دانی بە تاوانەکەیدا ناوە، لە ئێستاشدا ئەو دوو پیاوە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانى ئێرانەوە دەستبەسەر کراون.


PM:03:49:21/04/2019