کەمپینی لەسێدارەدانی بکوژانی تاریقی بەقاڵ ڕاگەیەندرا

لە شاری سلێمانی کەمپەینێکی واژۆ کۆکردنەوە بۆ داواکردنی سەپاندنی سزای لە سێدارەدان بەسەر باندی بکوژەکانی تاریقی بەقاڵ و مەریوان دارا راگەیەنرا و یەکەم واژۆش دایکی تاریقی بەقاڵ کردی.

کەمپەینەکە لەلایەن خانەوادەی تاریق-ی بەقال و مەریوان دارا-وە رێکخراوە، داوا لە هاوڵاتیان دەکەن، واژۆی کەمپەینەکەیان بکەن بە مەبەستی سەپاندنی سزا بەسەر ئەندامانی ئەو باندەدا لە یەکەم ناوی ئەو کەمپینەدا دایکی تاریقی بەقاڵە کە واژۆی کوردووە.
 

بنەماڵەی تاریقی بەقاڵ دەڵێن، "دەبێت سزای ئەوکەسانە بدرێت و لە سێدارە بدرێن و نابێت بۆ چەند ساڵێک سزابدرێن و دواتر بهێندرێنە دەرەوە و تاوانی دیکە ئەنجام بدەن".

کەمپەینەکە لە بەردەم دوکانەکەی تاریق-ی بەقاڵ، بەردەرکی سەرا، بەردەم باخی گشتی و کەمپی کۆنی زانکۆی سلێمانی بەڕیوەدەچێت و ئەمڕۆ یەکشەممە و سبەی دوشەممە بەردەوام دەبێت.

حەوتی ئەم مانگە، ئاسایشی سلێمانی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەستگیرکردنی باندێکی کوشتن و دزی و رفاندنی راگەیاند، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی "بە مەترسیدارترین باند" وەسفیکرد و وتی، "لە کاتی دەستبەکاربونی لەو بەڕێوەبەرایەتییەوە تا ئێستا باندی دیکەی هاوشێوەی ئەوەم نەبینیوە".

یەکێک لە تاوانەکانی ئەو باندە، کوشتنی تاریقی بەقاڵ بو، باوکی چوار منداڵ و تاقانەی 10 خوشک بو، دوای چوار مانگ لە بێسەروشوێنبونی، رۆژی حەوتی ئەم مانگە  تەرمەکەی لەژێر دیواری خانویەکدا دۆزرایەوە.


PM:04:06:21/04/2019