ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، ڕاگەیەندراوێکی لە بارەی جه‌ژنی قیامه‌ی مەسیحییەکانەوە بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاند "هیوادارین جه‌ژن و بۆنه‌كانی داهاتوو له دۆخێكی باشتر و ئارامی و سه‌قامگیرییه‌كی زیاتری دوور له شه‌ڕ و توندوتیژی و تیرۆر و له كوردستانێكی خۆشگوزه‌رانتر و ئاوه‌دانتردا بكه‌نه‌وه".
دەقی پەیامەکە:
جه‌ژنی قیامه‌ی حه‌زره‌تی مه‌سیح سڵاوی خوای لێ بێت له ته‌واوی خوشك و برایانی مه‌سیحی له هه‌رێمی كوردستان، عیراق و سه‌رتاسه‌ری جیهان پیرۆز ده‌كه‌ین، هیوادارین جه‌ژنێكی خۆش و ئارام به‌سه‌ر به‌رن و ئارامی و سه‌قامگیری و ئاشته‌وایی باڵ به‌سه‌ر هه‌موو جیهان و مرۆڤایه‌تیدا بكێشێت.
له‌م جه‌ژنه پیرۆزه‌دا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌میشه كار ده‌كات بۆ جێگیربوون و قووڵكردنه‌وه‌ی زیاتری كولتووری پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یی و یه‌كترقبووڵكردن له‌نێوان هه‌موو پێكهاته ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كوردستاندا، ئه‌و كولتووره‌ی كه مایه‌ی شانازیی هه‌موو گه‌لی كوردستان و جێی ڕێزی جیهان و مرۆڤایه‌تیشه، هه‌روه‌ها به هه‌موو شێوه‌یه‌ك كار ده‌كات بۆ یه‌كسانی و دابینكردن و پاراستنی مافه‌كانی هه‌موو پێكهاته‌كانی كوردستان.
دووباره جه‌ژنی قیامه له خوشك و برایانی مه‌سیحی به‌تایبه‌تی له هه‌رێمی كوردستان پیرۆز بێت، هیوادارین جه‌ژن و بۆنه‌كانی داهاتوو له دۆخێكی باشتر و ئارامی و سه‌قامگیرییه‌كی زیاتری دوور له شه‌ڕ و توندوتیژی و تیرۆر و له كوردستانێكی خۆشگوزه‌رانتر و ئاوه‌دانتردا بكه‌نه‌وه.