لە شارۆچکەیەکى تورکیا لەلایەن گروپێکەوە هێرش کرایە سەر کەمال کلیچدارئۆغڵو سهرۆكی پارتى گەلى کۆمارى "جهههپه" و لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و پاسەوانەکانیەوە ناوبراو دوورخرایەوە.
میدیاکانى تورکیا بڵاویانکردەوە، كهمال كلیچدارئۆغڵو سهرۆكی گشتیی جهههپه کە گەورەترین پارتى ئۆپۆزسیۆنى تورکیایە، ئەمڕۆ دوای ئهوهی بهشداریی له پرسهی سهربازێكدا کرد له شارۆچكهی چوبوكى تورکیا، لەلایهن گروپێكهوه ڕووبهڕووی هێرش بووهوه، پاشان لەلایهن هێزه ئهمنییهكانهوه برایه ماڵێكی ناوچهكه.
دوای ئەنجامدانی نوێژی مردوو لە مزگەوتی ئاككوزولو، گروپێک سەرەتا ئیدانەى كلیچدارئۆغڵویان كرد و دواتر هێرشیان كردە سەرى.
لەبارەى هێرشەکەوە سولەیمان سۆیلو وەزیرى ناوخۆی توركیا ڕایگەیاند، هێرشەکەى سەر كەمال كلیچدارئۆغڵو قبوڵنەكراوە و بە تەواوی لە ڕەهەندەكانی دەكۆڵنەوە.
هاوکات عەبدولحەمید گول وەزیری دادی توركیا ڕایگەیاند، ڕێگەنادەن هیچ جۆرێكی توندوتیژی، دیموكراسی لە تورکیا لەكەدار بكات.
ئەو هێرشەى سەر کلیچدارئۆغلو لەکاتێکدایە کە کاندیدى حزبەکەى لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکانى ئیستەنبوڵ بۆ یەکەمجار لە دواى ٢٥ ساڵ کە لەدەست پارتى داد و گەشەپێدان "ئاکەپە"دا بوو، زۆرینەى دەنگەکانى بەدەستهێنا و مۆرى شارەوانیی وەرگرت.