بزوتنەوەی گۆڕان دوا هەڵوێستی لەسەر پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت ڕادەگەیەنێت و بەرپرسێكی ئەو بزوتنەوەیەش ڕایدەگەیەنێت، بەدیلمان هەیە.
جەمال حاجی محەمەد، سكرتێری جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەی گۆڕان، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: لەگەڵ پارتی ڕێككەوتنمان كردووەو ئەو ڕێككەوتنەش هەموار ناكەینەوە، بۆ پرسی جێگری سەرۆكی هەرێمیش قسەی كۆتایی خۆمان كردووە.
لەلای خۆشییەوە، خەلیل سەركانی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی بزوتنەوەكە ڕایگەیاند: زیادكردنی جێگرێكی دیكە بۆ سەرۆكی هەرێم، بەمیزاجی شەخس بڕیاری لەسەر نادرێت، بەڵكو پێویستی بە بڕیاری هەردوو جڤاتی نیشتمانی و گشتیی هەیە، بۆیە ناتوانین قسەی لەسەر بكەین.
وتیشی "دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت پەیوەندی بەڕێككەوتنی یەكێتی و پارتییەوە هەیە، هەركاتێك ئەو دوو لایەنە ڕێككەوتنەكەیان ڕاگەیاند، ئەوكاتیش ئێمە بڕیاری خۆمان دەدەین، بەدیلیشمان هەیە بۆ جێگری سەرۆكی هەرێم، بۆ بەدیلەكەش لەگەڵ پارتی قسەمان كردووە"