سەرۆکی نەوەی نوێ، شاسوار عەبدولواحید دەڵێت " متمانەمان پێ کردن و وەک هاوڕێیەکی دڵسۆز لەگەڵیان دەبووین و باسی خەونی گەورەمان بۆ دەکردن، بەڵام بە داخەوە کە لەم رۆژگارەدا تەنها بە هۆی پارە و پۆستەوە هاوڕێی راستەقینەت بۆ دەردەکەوێت".
لە نووسینێکدا بەناوی "بەردەوامبوون و خۆڕاگری، مرۆڤی مەرد و ئازای دەوێت"، شاسوار عەبدولواحید، دەڵێت" کاتێک دەستمان دایە ئەم کارە گەورەیە، ئەوا متمانەمان بە کۆمەڵە کەسێک کرد، کە هەیانبوو دەمێک بوو دەمناسین و هەشبوو تازە بە هۆی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ناسیمانن، بەڵام متمانەمان پێ کردن و وەک هاوڕێیەکی دڵسۆز لەگەڵیان دەبووین و باسی خەونی گەورەمان بۆ دەکردن، بەڵام بە داخەوە کە لەم رۆژگارەدا تەنها بە هۆی پارە و پۆستەوە هاوڕێی راستەقینەت بۆ دەردەکەوێت".
هەروەها دەڵێت " کەسانێک هەن کە پۆستێکیان وەرگرت، یان پارەیان کەوتە دەست، ئەوا راستەوخۆ لە خۆیان دەگۆڕێت".
شاسوار عەبدولواحید دەشڵیت" مرۆڤە رەسەن و پاکەکان قەت لە خۆیان ناگۆڕێن، نارەسەنەکانیش لە یەکەم تاقیکردنەوەدا دەرناچن. ئەوانەی کە وایان کردوە پارتی و یەکێتی تا ئەمڕۆ بەردەوام بن، ئەوانەن کە هەمو خەونیان پارە و دەسەڵاتە.بەڵام ئێمە بەردەوام دەبین،چونکە خەونمان زۆر زۆر لەوە گەورەترە و باش دەزانین کە رێگاکە ئاسان نیە و فەرشی سورمان بۆ داناخرێت".
لە کۆتاییدا دەڵێت "بەڵێنێکە و داومانە کە قەت هاوڵاتییانی خۆمان و ئەوانەی کە متمانەیان پێ کردوین، متمانەکەیان نادۆڕێنین.
خۆڕاگر بن و دڵنیا بن کە نەوەی نوێ رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەبێت، بۆیە دوژمنی زیاتر دەبێت و هەر بۆیشە پارتی و یەکێتی کەوتونەتە کڕینی خەڵکانی ناو جوڵانەوەکە".
ئەم نووسینەی شاسوار عەبدولواحید دوای ئەوە دێت کە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ بە ناڕاستەوخۆ لە بەیانێکدا کە شەوی رابردوو بڵاویان کردەوە تیایدا ناڕاستەخۆ شاسوار عەبدلواحید بە بنەماڵەیکردنی نەوەی نوێ تۆمەتبار دەکەن.