وەزیری دارایی گێڕانەوەی بڕە پارەیەك بۆ موچەخۆران ڕادەگەیەنێت

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، گەڕاندنەوەی بڕێك پارە لە مووچەی بەشێك لە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان ڕادەگەیەنێت كە پێشتر لێیان بڕابوو.

لە ڕوونكردنەوەیەكدا كە وەزارەتی دارایی و ئابووری بڵاویكردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە كە پاش چاوپێكەوتنەكەی ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی لە ١١ی نیسانی ٢٠١٩ كە تێیدا لە وەڵامی پرسیارێكی بەشی كوردیی (دەنگی ئەمریكا) باسی لە بڕینی بەشێك لە مووچەی هەندێك لە فەرمانبەران بۆ قەرزی پێشینە كردووە، تێبینی و سەرنج لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە لەمبارەیەوە هەبووە.

نووسینگەی وەزیری دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاندووە "لە ڕوانگەی ھەستكردن بە بەرپرسیارێتی و جێ بەجێ كردنی بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێم كە پێشتر بڕیار درابوو لەم كاتەدا پێشینە لەھیچ فەرمانبەرێك وەرنەگیرێتەوە، لەبەدواداچوونی ھەریەكە لە وەزیرانی دارایی و ئابووری و ھەروەھا وەزیری پێشمەرگە، بەبڕیار و چاودێریی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، دەركەوت ئەو پێشینەیە لە لیوایەكی ھێزەكانی پێشمەرگە وەرگیراوەتەوە، بۆیە بڕیار درا بەگێڕانەوەی ئەو پارەی پێشینەیەی لەو پێشمەرگە و فەرمانبەرانەی كە لە مووچەكانیان بڕاوە".



PM:02:46:22/04/2019