فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەسەر راگەیەندراوەکەی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەکەی هاتە دەنگ

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان  رایگەیاند، پێمان وایە راگەیاندنەکەی ئەنجومەنی باڵای (نەوەی نوێ) و فراکسیۆنی (نەوەی نوێ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رووناکی خستووەتە سەر کێشە و بابەتی گرنگ و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.

دەقی راگەیەندراوەکە:

راگەیاندراوێک لە فراکسیۆنی (نەوەی نوێ) لە پەرلەمانی کوردستان

لەم بارودۆخەی ئێستادا، بەپێویستی دەزانین چەند خاڵێك بۆ رایگشتیی کوردستان روونبکەینەوە:

یەکەم:  ئێمە پێمانوایە راگەیاندنەکەی ئەنجومەنی باڵای (نەوەی نوێ) و فراکسیۆنی (نەوەی نوێ) لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، رووناکی خستووەتە سەر کێشە و بابەتی گرنگ و دەبێت لەبەرچاو بگیرێت.

دووەم: ئێمە ھەمووان دڵنیادەکەینەوە فراکسیۆنەکانمان یەکدەست و یەکگرتووە و لە چوار ساڵی داهاتودا، بەردەوامدەبین لە خەباتی پەرلەمانیی و دژی گەندەڵیی و  بێدادیی دەوەستینەوە و وەك ھەمیشە فراکسیۆنێکی ئۆپۆزیسیۆنی ئازا و بوێر دەبین.

سێیەم: لە ململانێ سیاسییەکانی کوردستاندا، رویداوە دەزگا جاسووسییەکان  پەنا بۆ ناوزڕاندن و ئابڕوبردن و درۆ و بوختان دەبەن، بەڵام جێگای داخە خەلکانێک کە خۆیان بە بەشێک لە ئۆپۆزیسیۆن بزانن، پەنابەرنە بەر تەخوین و ناوزڕاندن و دروستکردنی تۆمەتی ئەخلاقیی بێبنەما بۆ کەسە نزیکەکانی خۆیان.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان (شادی نەوزاد، کاوە عەبدولقادر، سیروان بابان، مەم بورهان قانع).

٢٢ی نیسانی ٢٠١٩


PM:10:26:22/04/2019