ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٢ی نیسانی ٢٠١٩ محەممەد حەلبووسی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و شاندێكی یاوەری گەیشتنە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە.
کۆبونەوەکە بە ئامادەبونی هەریەک لە فازڵ میرانی، سكرتێر و د. رۆژ نووری شاوەیس و هۆشیار زێباری و كەریم سنجاری ئەندامانی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتیی كوردستان و هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراوەو تیایدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و دوا پێشهاتە سیاسییەكان و هەنگاوەكان بۆ تەواوكردنی پێكهاتەی حكوومەتی تازەی عێراق تاوتوێكراون.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبونەوەکە، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا باس لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دروستبوونی ئەو "كەشە ئیجابییە"ی بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا لە دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق هاتووەتەئاراوە کراوە. جەختیش لەوە كراوەتە "پێویستە رێگری لەو دەنگانە بكرێت كە بەنیازی تێكدانی ئەو كەشە ئیجابیەن، چونكە باشبوونی پەیوەندییەكانی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەبێتە هۆی سەقامگیریی و بووژانەوە لە هەموو عێراقدا".
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، کە بارودۆخی پارێزگای نەینەوا و گوزەرانی خەڵكی ئەو پارێزگایە و بەڕێوەبردنی موسڵ تەوەرێكی دیكەی کۆبوونەوە بووەو، هەردوولا جەختیان لە چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ گەڕاندنەوەی خزمەتگوزاری و سەقامگیری و ئاسوودەیی بۆ هاووڵاتیانی پارێزگای موسڵ كردەوە و ئەوەیش دووپاتكرایەوە كە پێویستە خەڵك و پێكهاتەكانی پارێزگای نەینەوا بەشداری لە بەڕێوەبردنی لە ئەو پارێزگایەدا بكەن.