بەرپرسێكی وەزارەتی پێشمەرگەوە بڵاویكردۆتەوە، چوار موچەی پێشمەرگە بەیەكەوە دابەشناكرێت، بەڵكو 20 ڕۆژ جارێك موچەیەك دابەشدەكرێت و مانگانەش 10 ڕۆژ پێشدەخرێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا د.فوئاد حسێن وەزیری دارایی عیراق ڕایگەیاند، خەرجكردنی موچەی چوار مانگی پێشمەرگە بۆ مانگەكانی (1، 2، 3و 4)ی ئەمساڵ كە بڕی موچەی هەر مانگێك 68 ملیار دینارە و لەم ڕۆژانەدا بۆ هەرێمی دەنێرن.
لیوا بابەكر فەقێ، بەرپرسی ڕاگەیاندنی و ڕۆشنبیریی وەزارەتی پێشمەرگە بە میدیای پارتی ڕاگەیاندووە "چوار موچە بەیەكەوە دابەشناكرێت، بەڵكو چوار موچە دیاریكراوە لەسەر بودجەی حكومەتی عیراق بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەش مانگانە ئەژماردەكرێت".
هەروەها ڕایگەیاندووە "پێدەچێت لەم مانگەكاندا 10 ڕۆژ پێشبخرێت، واتە لەجیاتی 30 ڕۆژ، هەر 20 ڕۆژ جارێك موچەیەك بدرێت تا دەگاتە قۆناغی خۆی".
ناوبراو دەڵێت "ڕۆژی پێنجی مانگ دەست بەدابەشكردنی موچە دەكرا، واتە 10 ڕۆژەكە دەڕۆشت ئینجا موچە دابەشدەكرا، بەڵام ئێستا 10 ڕۆژ دەمێنێت و موچە دابەشدەكرێت".