نرخی نەوت بۆ سەرو ٧٤ دۆلار بەرزبوەوە و بەرزترین ئاستی لەماوەی شەش مانگی رابردوودا تۆماركرد.
دوای لێدوانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و كۆشكی سپی لەبارەی كۆتاییهاتنی ئەومۆڵەتەی كە ئەمریكا دابووی بە هەشت وڵات تا جیاواز لە گەمارۆكانی واشنتۆن بەسەر تاراندا نەوتی ئەو وڵاتە بكڕن، نرخی بەرمیلێك نەوتی برێنت گەیشتە ٧٤ دۆلار و ٥٠ سەنت.
هاوكات نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكا گەیشتە ٦٦ دۆلار، كە لەمانگی تشرینی یەكەمی ڕابردووە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەكاندا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە.
بەرزبنەوەی نرخی نەوت لەكاتێكدایە بڕیارە لە دووی مانگی ئایاری داهاتوودا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا چیتر لە هیچ وڵاتێك خۆش نەبێت كە نەوت و پێكهاتەكانی لە ئێران دەكڕێت، كە ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی واشنتۆندایە بۆ دابەزاندنی ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ ئاستی سفر.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت ڕاستەوخۆ داهاتی هەرێم بەرزدەكاتەوە و چونكە هەناردەی نەوت سەرەكیترین سەرچاوەی داهاتی هەرێمە.