لەبارەی دەنگۆی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە ڕوونكردنەوە دەدرێت

پاش ئەوەی پەرلەمانتارێكی سەر بە دەوڵەتی یاسا دەنگۆی بڕینی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی بڵاوكردەوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی لەو بارەیەوە ڕوونكردنەوە دەدات.

عەبدولهادی موحان، پەرلەمانتاری سەر بە دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاندووە "لەئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە نوسراوێك ئاراستەی وەزارەتی دارایی عیراق كراوە كە هامشی سەرۆك وەزیرانی عیراقی لەسەرەو تێیدا داوای‌ ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەكات تائەوكاتەی حكومەتی هەرێم نەوتەكەی‌ ڕادەستی سۆمۆ دەكات".

لەو بارەیەوە ئەحمەدی حاجی ڕەشید، پەرلەمانتاری كوردی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە "سپی" ڕاگەیاند "پەیوەندیم بەو پەرلەمانتارەوە كردووە، بەڵام لە ڕاستی و دروستی ئەو نوسراوە دڵنیانیم كە دەڵێت لە لایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە ئاڕاستەی وەزیری دارایی كراوە بۆ ڕاگرتنی موچەی فەرمانبەران".

ناوبراو جەختی لەوەكردەوە كە بەر لە گەڕانەوەیان بۆ هەرێم چاویان بە عادل عەبدولمەهدی كەوتووە و دڵنیاییداوە لە بەردەوامی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم.

هاوڵاتیان و موچەخۆرانیشی دڵنیاكردەوە لە ئەگەری هەنگاوێكی لەو جۆرە سكاڵا لە دادگای فیدرالی تۆمار دەكەن، چونكە "ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی یاسای بودجەیە و ڕاگرتنی لە دەسەڵاتی كەسدا نیە".




PM:01:06:24/04/2019