وتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ڕوونكردنەوە دەدات و دەڵێت: مەترسی لەسەر بڕینی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نییە.
سەفین دزەیی، وتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا لە ئاستی سیاسیدا ئاساییە و پاش دەست بەكار بوونی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق، هاموشۆكانی هەولێر و بەغدا لە بواری ئەمنی، سیاسی و كۆمەڵێك بواری دیكە بەردەوامە.
سەفین دزەیی بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵۆ باسی لەوە كردووە كە پرسی بودجە یەكێكە لەو بابەتانەی كە بەشێوەیەكی كاتیش بێت، داڕشتنێكی گونجاوی بۆ ساڵی ٢٠١٩ بۆ دۆزراوەتەوە و ئەوان هەوڵدەدەن "ھاوكاری یەكتر بن تاوەكوو سیاغەیەكی گشتگیر و ھەمیشەیی بدۆزینەوە كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بێ".
لەبارەی دەنگۆی ئەگەری بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی دەڵێت: مەترسی لەسەر بڕینی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان نییە.