شاسوار عەبدولواحید: ملم لە موو باریکترە و دەچمە بەردەم دادگا

شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، من لەئێستادا لە دەرەوەی وڵاتم بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی، بەڵام هاوڕێكانم لە جیاتی هەواڵپرسی لە کوردستان خەریكی كاری دیكەن، دەشڵێت، ملم لە موو باریکترە بۆ هەرشتێک و دەچمە بەردەم دادگا. 

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی نیسانی ٢٠١٩ لە میانی لە بەرنامەی تاووتوێی كەناڵی ئێن ئارتی، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند"من لەئێستادا لە دەرەوەی وڵاتم بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی بەهۆی ئەوەی گرێیەك لە قورگم دروست بوە، بەڵام هاوڕێكانم لە جیاتی هەواڵپرسی دەبیستم لە كوردستان خەریكی كاری دیكەن و ئەو هەواڵانە دەبیستم كە لەم دوو رۆژە بڵاوكرایەوە".

وتیشی،" مانگانە 40 ملیۆن دینار بۆ سندوقی دارایی نەوەی نوێ دابین دەكەم و هەندێك جار ئەو هاوڕیانەی دیكەمان پارەیان پەیداكردوە".

لەبەشێكی دیكەی چاوپێكەوتنەكەدا شاسوار عەبدولواحید لەبارەی بە بنەماڵەکردنی جوڵانەوەکەی وتی" ئەوە ڕاستنییە و نەوەى نوێ  بە ئاراستەى بنەماڵەی نەبراوە، لە 12 ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ، هیچ ئەندامێكی بنەماڵەكەی منی تێدا نیە، سروە عەبدولواحیدیش پێشترو لە ساڵی 2014 ئەندامی پەرلەمانی عێراق بوە لە فراكسیۆنی گۆڕان، سروە كەسێكی چالاكە و كاتی خۆی پارتی لە هەولێر هەموو پێشمەرگەی لە دژی خستە خۆپیشاندانەوە، هەروەها ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان بوە و، پەیوەندیەكانی خۆی بەكارهێناوە بۆ نەوەی نوێ و ئەو دەستی پەرلەمانتارەكانی گرتوە و پەیوەندیەكانی رادەستی ئەوانی كردوە".

سەبارەت بە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەی پەرلەمانتاری نەوەی نوێ شادی نەوزاد وتی،" بەداخەوە شادی خۆی زۆر باش ئەخلاقی من دەزانێت، ئێمە شادیمان پێگەیاند، من خوشكەكەم خۆی یەكێكە لە قوربانیانی ئەو دۆخە، بەداخەوە دەبو شادی یەك پرسیاری لە خۆی بكردایە ئایا ئێمە كاری وا دەكەین، دەبوو بە پۆینتێكیش بوایە ئەو پرسیارەی لە خۆی بكردایە، شادی خۆی ماڵی لەناو سلێمانیە و هیچ خانویەكی لە ناو گوندی ئەڵمانی نیە، بۆیە بەداخەوە شادی خۆشی بەشێكە لە قوربانیەكان".
 
راشیگەیاند"من ملم لە مو باریكترەو دەچمە بەردەم دادگا و سڵ لە هیچ ناكەمەوە، لە رابردومدا زۆر پاكم و هیچم نیە لێی بترسم، دڵنیام ئەم دۆخەش تێدەپەڕێت".

سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا قسەکانیدا باسی لەوەشکرد، کە "جوڵانەوەی نەوەی نوێ كۆتایی نایات و رۆژ بە رۆژ خەڵكی زیاتر روی تێدەكات، ئێمە كەسمان لێ زیاد نیە تەنها ئەوانە نەبێت كە جاسوسن، خەڵك دوای سەركەوت یان رابون یان فڵانە كەس نەكەوتوە، بەڵكو خەڵك دوای نەوەی نوێ كەوتوە".


PM:08:01:25/04/2019