مەکگۆرک چەند نهێنیەک لەسەر شەڕڤانان و تورکیا ئاشکرادەکات

برێت مەكگۆرك نوێنەری پێشووی سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش چەند نهێنیەک لەسەر شەڕڤانان و تورکیا ئاشکرادەکات و هۆشداری دەداتە ئەمریكا، كە ئەنقەرە هاوپەیمانی واشنتن نییە.

برێت مەكگۆرك لەوتارێكدا كە گۆڤاری فۆرین پۆلیسی بڵاویكردووەتەوە دەڵێت: واشنتن هەرگیز یەك نموونەی نەدۆزییەوە، كە ئەندامانی یەكینەكانی پاراستنی گەل یەپەگە سنووری سوریا ببڕن و بچنە خاكی توركیاوە، یان بەڵگەیەك ھەبێت، كە بڵێت پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە كۆنترۆڵی چالاكییەكانی یەپەگە دەكات، یان چەكەكانی ئەمریكا بۆ توركیا دەگوازرێنەوە بەوشێوەیەش بەرپرسانی ئەمریكا هەوڵی چارەسەركردنی نیگەرانییەكانی توركیایان دا.

مەكگۆرك دەشڵێت: ئەمریكا ئەوكاتە بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی توركیا هاوكارییە سەربازییەكانی خۆی بۆ شەرڤانان كەمكردەوە، تەنانەت شەڕڤانانی دەچوونە شەڕەوە بێ ئەوەی جلی گولـلەنەبڕو كڵاوی سەربازییان پێبێت‌و تەنیا ژمارەیەكی سنووردار كەرەستەی دژەمینیان پێبوو.

لەو وتارەدا چیرۆكێك دەگێڕێتەوە و دەڵێت "لەیەكێك لە سەردانەكانمدا بۆ رەققە گوێبیست بووم كە شەڕڤانان بۆ دۆزینەوە و تەقاندنەوەی مینەكانی داعش، رانە مەڕیان كڕیوەتەوە".

ئەوەش دەڵێت "ھێرشەكەی سەر عفرین بەرهەمی دەسەڵاتخوازی ئەردۆغان بوو بۆ فراوانكردنەوەی سنوورەكانی توركیا، چونكە ئەو پێیوابوو بەهۆی پەیماننامەی لۆزانەوە بە ناڕەوا بچووككراوەتەوە".

باسی لەوەش كردووە، كە لەكۆبوونەوە لەگەڵ ئەردۆغان دانیشتووە، "گوێم لێبووە سنوورە 400 میلییەكەی نێوان موسڵ و حەلەبی بە زۆنی ئەمنی توركیا وەسف كردووەو جەختی كردووەتەوە، ئەمریكا دەبێت ئەوە قەبووڵبكات، كە توركیا هاوبەشێكی كاریگەری نییە".



PM:03:13:26/04/2019