نوسینگەی سەرۆك كۆمار وەڵامی "سپی میدیا" دەداتەوە

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق وەڵامی هەواڵێکی "سپی میدیا" دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت "سەرۆكایەتی كۆمار هیچ بڕە پارەیەكی بۆ فێستیڤاڵێكی پارێزگای سلێمانی تەرخان نەكردوە".

دوێنێ "سپی" وەک یەکەم دەزگای میدیایی لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگاداری یەکێتی کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بڵاویکردەوە "د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق  لە بودجەی سەرۆکایەتی کۆمار نزیکەی بڕی 200 ملیۆن دیناری بۆ فێستیڤاڵی ئێل بەگی جاف تەرخانکردووە".

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا و لە وەڵامی ئەو هەواڵەی "سپی میدیا" رایگەیاند: سەرۆک کۆماری عیراق یەکەم دەستپێشخەری کردوە بۆ دیوانی چاودێری دارایی کە مانگانە چاودێری خەرجیەکانی سەرۆکایەتی کۆمار بکەن، ئەمەش وەک بنەمای چەسپاندنی شەفافیەت و چاولێکردنی هەمو دامودەزگاکانی دەوڵەت.
 

 نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایگەیاند"تەرخانکردنی هەر مەبلەغێک بۆ فێستیڤاڵی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای سلێمانی سەرتاپا درۆیە و ناڕاستە ، پێوستبو هەر کەس و کەناڵێک وەک هەواڵ مامەڵەی لەگەڵ ئەو بابەتە کردوە وەک ئەرکی یاسایی بەدواداچونی بۆ ئەو ناڕاستیە بکردایە".

د بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ لە فێستیڤاڵی ئێڵ بەگی جاف كە لە گوندی باخانی قەزای قەرەداغ بەڕێوەچو بەشداری کرد و راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار ئەوەی خستۆتەرو كە "د بەرهەم ساڵح میوانداری فێستیڤاڵی ئێڵ بەگی جاف کراوەو وەک سەیرانە بەهار لەگەڵ خەڵک و هاوڵاتیان بەشداریکردوە کە زۆرینەیان کەسوکاری شەهیدو خەڵکی تێکۆشەرن و کەسایەتی کۆمەڵایەتی بەڕێز و دیارن".

 


PM:06:15:26/04/2019