بەوێنە...پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بە سێڵفیەک پەیام بۆ شاسوار عەبدولواحید دەنێرن

پاش زنجیرە لێدوانەكانیان دژ بە یەكتر، رابون مەعروف لە رێی بڵاوكردنەوەی وێنەیەكەوە پەیام ئاڕاستەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەكات.

رابون مەعروف سەرۆكی فراكسیۆنەی نەوەی نوێ لە ئەنجومەنی نوێنەران لە رێی لاپەڕەی تایبەتی خۆیەوە لە فەیسبووك، ئەم وێنە سێڵفییەی بڵاوكردەوە كە لەلایەن سەركەوت شەمسەدین پەرلەمانتار و ژمارەیەك لە كەسایەتییە دیارەكانی نەوەی نوێدا گرتوویانە.

رابون مەعروف لەسەر وێنەكە نووسیوێتی "پێکەوە ماینەوە! چونکە لەگەڵ یەکتری راستگۆ و ڕاشکاو بوین".

لە وێنەكەدا جگە لە رابون مەعروف و سەركەوت شەمسەدین، هەریەك لە كامەران بەرواری و ئارام سەعید و ژمارەیەك پەرلەمانتاری نەوەی نوێش دەركەوتوون.

بڵاوکردنەوەی ئەو وێنەیە دوای چاوپێکەوتی دوێنێی شاسوار عەبدولواحید دێت کە وتی "جوڵانەوەی نەوەی نوێ كۆتایی نایات و رۆژ بە رۆژ خەڵكی زیاتر روی تێدەكات، ئێمە كەسمان لێ زیاد نیە تەنها ئەوانە نەبێت كە جاسوسن، خەڵك دوای سەركەوت یان رابون یان فڵانە كەس نەكەوتوە، بەڵكو خەڵك دوای نەوەی نوێ كەوتوە".


PM:09:35:26/04/2019