ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دڵنیایی دەداتە موچەقۆرانی هەرێمی کوردستان و رایدەگەیەنێت، بەهیچ شێوەیەک موچەی فەرمانبەرانی هەریمی کوردستان نابڕدرێت، تەنانەت ئەگەر هەرێم نەوتیش نەنێرێت.
ئەحمەد حاجی رەشید، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، "هەمیشە دۆسیەی بودجە یەکێک بووە لە گرفتە سەرەکییەکانی نێوان هەردو حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەند، بەڵام بەدوری دەزانم ئەو جیاوازی لێکدانەوانە لەو نوسراوەوە سەرچاوەیان گرتبێت کە سەرۆک وەزیری عێراق ناردویەتی بۆ وەزارەتی دارایی و داوای راگرتنی هەموو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات".
وتیشی، "شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەناو بودجەدا واتا هەموو پشکی بودجە، بەڵام لەمەدا دۆسیە موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی لێجیاکراوەتەوە".
ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئاماژەی بەوەشکردووە، "تەنانەت ئەگەر هەرێمی کوردستان لەم ساڵی 2019یەشدا نەوت ڕادەستی بەغدا نەکات، پێناچێت دکتۆر عادل عەبدولمەهدی سەرەک وەزیری عێراق بکەوێتە ژێر فشارەوە، بەڵام وەک دەلێن پێدەچێت لەکاتی وتوێژەکان لەسەر بودجەی ساڵی 2020 کێشە دروست ببێت".
لە یاسای بودجەی عێراقدا پشکی هەرێمی کوردستان بە لەسەدا 12.67 جێگیرکراوە، لە بەرامبەردا دەبێت رۆژانە هەرێمی کوردستان 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات، بەڵام لە ئەگەری رادەستنەکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە بەغدا تەنها 522 ملیار دینار دەنێرێت.