شاسوار عەبدولواحید: من متامنەم پێکردن و بە کەسوکاری خۆمم زانین بەڵام ئەوان خەنجەریان لێدام

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، "ئەوەی کەمن بریندار دەکات خیانەتی هاوڕێکانمە، من متامنەم پێکردن و بە کەسوکاری خۆمم زانین بەڵام ئەوان خەنجەریان لێدام".

ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠١٩، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە سلێمانی لە دوای گەڕانەوەی لە چارەسەری نەخۆشییەکەی لە لەندەن لەگەڵ ئەنجومەنی باڵاو رێکخراوەکانی نەوەی نوێ لە قەزاو ناحیەو پاڕێزگاکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەو  رایگەیاند" من متمانەم بە هاوڕێکانم  کرد وەک برای خۆم سەیرمکردن، خزمەتمان کردن و لەسەر سفرەیەک نانمان خوارد، خەڵکمان لەسەر عاجزکردن، بەڵام ئەوان لە پشتەوە خەنجەر لە من دەدەن".

وتیشی، وەک برا بە پارەی خۆم هەموشتێکم بۆ کردون، بە میدیای خۆم ریکلامم بۆ کردن تا بچنە پەرلەمان، ئەمە چ ویژدانێکە کە جوێن بە هاوڕێی خۆت بدەی لەسەر تەلەفزیۆن، من چ زیانێکم هەبوە بۆیان بەس ئێوە پێمبڵێن، هەڵەیەکم کردوە دزیم کردوە ئێوەم فرۆشتوە خیانەتم لێکردون وازم لە مەبدەئی خۆم هێناوە بازرگانیتان پێوە دەکەم، چیم کردوە تا ئێوە بەو شێوەیە مامەڵەم لەگەڵ دەکەن".
 

شاسوار عەبدول واحید ئاماژەی بەوەشکرد "ئەوەی کە من بریندار دەکات خیانەتی هاوڕێکانمە من شەڕی یەکێتی و پارتیم کردوە، چۆن ناتوانم شەڕی ئەوان بکەم بەس تا ئێستاش دڵم نایە قسە بە هاوڕێکانم بڵێم".

باسی لەوەشکردووە" من قەت بە گومانەوە لەخەڵک ناڕوانم ئێمە هەمومان خاوەن کەرامەتین بیر لە داهاتوو دەکەینەوە و دەمانەوێت ئەم وڵاتەی خۆمان بگۆڕین، ناچێتە عەقڵمەوە کە دوێنێ لە ماڵم بوە نانمان خواردوە، ئەو هەمو متمانەیە پێکردوە ئێستا چوەتە سەر تەلەفزیۆن دەڵێت شاسوار هەڕەشەم لێدەکات بە بڵاوکردنەوەی وێنەی روت".

دەشلیت، ئەزانن من چۆنم و چۆن بیر دەکەمەوە، پێتان دەڵێم قیەم و ئەخلاق و بەها و حورمەت و مەکانی خۆتان بۆ هیچ شتێک مەدۆڕێنن خۆتان لە هەموشت گرنگترن، ئێوە سبەینێ نەوەتان دەبێت منداڵەکانتان دەڵێن دایک و باوکمان چی بون، بۆ پارە خۆی فرۆشت و خیانەتی لە هاوڕێکانی کرد یاخود کەسێکی سەربەرزبو بۆ هیچ ملکەچی نەدا".

لەبەشێکی دیکەی قسەکانیدا شاسوار باسی لەوەشكردووە" من دەمەوێت لەگەڵ ئێوەدا داهاتوی وڵاتەکەمان بگۆڕین، من چۆن لە پشتەوە موئامەرە لە ئێوە بکەم، من هەرگیز تاقەی خۆم لە ناو جوڵانەوەکەدا سەرف ناکەم بەڵکو لە دەرەوە سەرفی دەکەم، تکایە هاوڕێیان، دەبێت ئەو بابەتی ئەخلاقە زۆر کاری لەسەر بکەن، ئێوە خۆتان بخەنە شوێنێ من لە کاتی نەخۆشیدا لەبری هەواڵپرسین خیانەتم لێکراوە".

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جولانەوەی نەوەی نوێ ماوەی هەفتەیەک بەهۆی نەخۆشییەوە هەرێمی کوردستانی جێهێشت و بۆ چارەسەر رووی لەندەن کرد، بەڵام لەو ماوەیەدا ژمارەیەک لە ئەندامانی جولانەوەکەی لە پەرلەمانی عێراق بەیاننامەیەکی ناڕەزایەتییان دژ بە سەرۆکی حزبەکەیان بڵاوکردەوەو رایانگەیاند کە شاسوار کاری بزنس و سیاسەتی تێکەڵ بەیەکتر کردووەو جولانەوەکە بەرەو تاکڕەو و بنەماڵەیی دەبات، پاشان پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستانیش دەنگی ناڕەزایەتییان لێبەرز بوەوەو لە رۆژی چوارشەممە ٢٤ی نیسانی ٢٠١٩ شادى نەوزاد پەرلەمانتارى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ،"شاسوار و باندەكەی هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆی رووتمان لێدەكەن".

 


PM:06:21:27/04/2019