پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، رووداوی كوشتنی گەنجەكەی فیستیڤاڵی ئێل بەگی جاف پێشوەخت پلانی بۆ دانراوەو تا ئێستاش بکوژەکە دەستگیرنەكراوە.
نەقیب سەركەوت ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكانی پۆلیسی سلێمانی راگەیاند " تائێستا تۆمەتباری كوشتنی گەنجەكە دەستگیر نەكراوە، چونكە فرسەتی هێناوە لەبەرئەوەی خەڵكی سنوورەكەیە، شارەزای شوێنەكە بووە و دەربازی بووە، بەڵام فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەرچووە".
سەبارەت بەو دەنگۆیانەی كە دەوترێت دوای رووداوەكە ئەو بكوژە دەستگیركراوە، بەڵام دواتر لەدەست هێزە ئەمنییەكان هەڵهاتووە، ناوبراو وتی: "نەخێر دەستگیرنەكراوە و هەڵنەهاتووە"، دەربارەی ئەوەش كە ئەو بكوژە خزمی نزیكی كوژراوەكەیە، نەقیب سەركەوت دەڵێت :"بەڵێ خزمی یەكدین و خەڵكی گوندێكن".
رۆژی هەینی رابردوو 26ی نیسانی 2019 لەكاتی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵی ئێل بەگی جاف لەگوندی باخان لەقەزای قەرەداغ گەنجێك كوژرا كە بەوتەی پۆلیس لەسەر كێشەی كۆمەڵایەتی بووە.
كوژراوەكە ماوەی نزیكەی 20 رۆژ بووە چووەتە پڕۆسەی هاوسەرگیرییەوە و جلی بوكێنی دەستگیرانەكەی لای بەرگدروو بووە، هەروەها چەند ساڵێك پێش ئێستاش برایەكی دیكەی، كوژراوە.