وتەبێژی گۆڕان: دوور لە چاوی میدیاکان لەگەڵ پارتی کۆبووینەوە

بزوتنەوەی گۆڕان دوور لە چاوی میدیاکان لەگەڵ پارتی کۆبۆتەوە و وتەبێژى بزوتنەوەکەش ڕایگەیاند، بڕیارى بزوتنەوەى گۆڕان لە سەر پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت دراوە بە شاندى دانوستانکاریان لە ئەگەرى دانیشتنى داهاتوویان لەگەڵ شاندى پارتى.

ئەمڕۆ جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەى گۆڕان کۆبووەوە و دواى کۆبوونەوەکەش شۆڕش حاجى لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا وتی "هەفتەی ڕابردوو دوور لەچاوی میدیاكان، وەفدی پارتی و گۆڕان كۆبونەوەیان ئەنجامداوە، لەبەر رۆشنایی بیروڕاكانی ئەو كۆبوونەوەیەش، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانیدا تاوتوێی هەموو ئەگەرەكانی پرۆسەی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم كرد، دوا وەڵامی گۆڕان درا بەشاندی بزوتنەوەی گۆڕان كە ئاراستەی پارتی بكرێت".

ئاماژەى بەوەشکرد، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی میکانیزمەکانیان کردووە بۆ دیاریکردنى باشترین کاندید بۆ ئەو پۆستانەى بەر گۆڕان دەکەون و دەبێت کاندیدەکانیان پابەندى بڕیار و بەرنامەى سیاسی بزوتنەوەى گۆڕان بن بۆ ئەوەش دواخاڵیان داناوە لەسەر شێوازى دیاریکردنى کاندیدەکانیان.



PM:05:56:28/04/2019