شاندی حکومەتی هەرێم و بەغدا: گفتوگۆکان سەرکەوتوو بووە

دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی شاندی حکومەتی هەرێم و بەغدا، هەردولا ڕایانگەیاند، گفتوگۆکانی نێوانیان سەرکەوتوو بووە و گەشبینن بە هاوکاری و هەماهەنگیی نێوانیان.

لەوبارەیەوە محەمەد هاشم وەزیری بازرگانیی عێراق لە کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی دای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان گەشبینە بەو هەماهەنگی و یەکخستنانەی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە زۆربەی بابەتەکاندا.

ئاماژەی بەوەش کرد گفتوگۆ کراوە دەربارەی خاڵە گومرگییەکان و ئەو ئامێر و کەلوپەلانەی کە هاوردە دەکرێن، هەروەها بابەتی ڕۆژنامەی کشتوکاڵیی تایبەت بە هاوردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و، لەوبارەیەوە گەیشتوون بە بڕیاری گونجاو.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری بازرگانیی عێراق ئاشکرایکرد، کاتیش دیاریکراوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتانە و مامەڵەکردنیش لەگەڵ حکومەتی هەرێم بە شێوەی خولی دەبێت سەبارەت بەو بڕیارانەی کە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە دەردەچن، کە بەشێکی پێویستی بە دەرکردنی یاسا هەیە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە.

هاوکات عەلی سندی وەزیری پلاندانانی هەرێم ڕایگەیاند، کۆبوونەوەکە لەسەر دەستپێشخەریی فوئاد حسێن وەزیری دارایی عێراق بووە، بۆئەوەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئابووریی عێراق بهێنرێتە هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانج لە کۆبوونەوەکە بەشداریپێکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ڕێکسختنی کار و چالاکییەکانی هەردوو حکومەتی فیدراڵی و هەرێم.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا عەلی سندی جەختیکردەوە، کۆبوونەوەکە بۆ هەماهەنگی و کارئاسانییە بۆ کاروباری بازرگانیی نێوان هەرێم و بەغدا لە هەندێک بواردا، بەتایبەت دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر بوو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کێشەی تێکەوتبوو.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم کۆبوونەوەیە دەستپێکێکی باشە و ماوەی ساڵێکە هەرێم و بەغدا پەیوەندییان هەیە و گفتوگۆش کراوە سەبارەت بە مۆڵەتی دامەزراندنی کارگەکان لە هەرێمی کوردستان کێشەیان نەبێت، بۆئەوەی بتوانن بە ئاسانی بەرهەمەکانیان بگاتە بەغدا.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا عەلی سندنی ئاماژەی بەوەش کرد، نییەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەرییە و کۆبوونەوەی ئەمڕۆش بەو ئاراستەیە بووە، بەڵام پێویستە هەندێک گۆڕانکاری لە یاساکان بکرێت لە هەرێمی کوردستان و ئەمەش کاتێکی تری پێویستە، بۆ ئەو مەبەستەش هەماهەنگی هەیە لەسەر هەموو ئاستەکان.

وەزیری پلاندانانی هەرێم ئاشکرایکرد، کردنەوەی هەندیک ئۆفیس لە هەرێمی کوردستان بە مەبەستی توندوتۆڵکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و کۆبوونەوەی دیکەش دەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات بە مەبەستی مۆڵەتی هاوردەکردن.

 ئەوەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی نیسانی ٢٠١٩ شاندی حکومەتی هەرێم و بەغدا لە هەولێر کۆبوونەوە، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان.

شاندەکەى حکومەتى عێراق پێکهاتبوو له ‌وه‌زیرانی پلاندانان، پیشه‌سازی و بازرگانی، ڕۆشنبیری، پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی عێراق و ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی دیكه.



PM:06:13:28/04/2019