فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە سنوری ناحیەی چەماکی بۆردومانی گوندی کانی مازییان کردووە و مزگەوتی گوندەکەیان بە تەواوی خاپور کردووە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠١٩ فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا گوندی کانی مازییان بۆردومانکردووە و مزگەوتی گوندەکە بە تەواوی خاپوربووە، بەڵام تا ئێستا هیچ زانیارییەک نییە دەربارەی زیانەکانی بۆردومانەکە.
بەهۆی بۆردومانەکەوە هاوڵاتییان و گوندنشینانی ناوچەکە ترس و دڵەڕاوکێیان لێ نیشتووە، بەتایبەت لەکاتێکدایە، گوندنشینەکان بۆ کشتوکاڵ کردن لەم وەرزەدا ڕوودەکەنە گوندەکان.
گوندی کانی مازی دەکەوێتە سنوری ناحیەی چەماکێ سەربە قەزای ئامێدی و نزیکی دوو کیلۆمەتر لە ناوەندی ناحیەکەوە نزیکە.
ئەم گوندە تا ئێستا چەند جارێکی تر لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیاوە بۆمبارانکراوە، بەو هۆیەشەوە لە ئێستادا چۆڵە و دانیشتووانەکەی تەنها لە وەرزی کشتوکاڵ و کۆکردنەوەی دانەوێڵە و بەرهەمی ڕەز و باخەکانیان سەردانی دەکەنەوە.
بۆمبارانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لەکاتێکدایە، شەوی ڕابردوو مەلود چاوشئۆغڵۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی هەولێری کرد و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەک لە لێپرسراوانی دیکەی حکومەتی هەرێمی کورستان کۆبووەوە.