بڕی هەناردەی نەوتی عێراق ئاشکراکرا

ئاژانسی هەواڵیی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، ناوەندی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشورەوە لە سەرەتای ئەم مانگەوە گەیشتووەتە زیاتر لە سێ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی نیسانی ٢٠١٩ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری دوو لێپرسراوی باڵای نەوتەوە بڵاویکردەوە، ناوەندی هەناردەی نەوتی خاوی عێراق لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشورەوە لەسەر ناوچەی کەنداو، لە سەرەتای مانگی نیسانەوە گەیشتووەتە سێ ملیۆن و ٣٣٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، بەڵام تا ئێستا سەرچاوەی فەرمی لە وەزارەتی نەوتی عێراق هیچ زانیارییەکی لەوبارەیەوە ئاشکرانەکردووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە دوێنێ یەکشەممە ٢٨ی نیسانی ٢٠١٩ وەزارەتی نەوتی عێراق بڵاویکردەوە، لە مانگی ئازاری ڕابردوودا، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق "سۆمۆ" ١٠٤ ملیۆن و ٦٩٦ هەزار و ٨٧٢ بەرمیل نەوتی هەناردەکردووە.

وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشکرایکرد، بڕی داهاتی بەدەستهاتوو لەو بڕە نەوتە هەناردەکراوە، گەیشتووەتە شەش ملیار و ٧٠٩ ملیۆن و ١٤٠ هەزار دۆلار.

لەوبارەیەوە عاسم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، هەر بەرمیلێک نەوتی خاو بە ٦٤ دۆلار و ٨٢ سەنت فرۆشراوە.

عێراق یەکێکە لە وڵاتە سەرەکییەکانی ناو ڕێکخراوی ئۆپیک، کە بە دەوڵەتانی بەرهەمهێنی نەوت ناسراون و بودجەی گشتیی وڵاتەکەش بە پلەی یەکەم پشت بە داهاتی نەوتی هەناردەکراو دەبەستێت، بە شێوەیەک هەر بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەیەک لە نرخی نەوتدا کاریگەریی دەبێت لەسەر بودجە و داهاتی عێراق.


PM:05:42:29/04/2019