بكوژانی‌ مێرمنداڵەكەی‌ سلێمانی‌ دەستگیركران

بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەستگیركردنی بكوژانی مێردمنداڵەكەی كەنەكەوەی شاری سلێمانی ڕادەگەیەنێت و ڕونكردنەوە لەو بارەیەوە دەخاتەڕوو.

لیوا حەسەن نوری، بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەلێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا وردەكاریی ئاشكراكردنی دەستگیركردنی بكوژانی مێرمنداڵەكەی گەڕەكی كەنەكەوەی شاری سلێمانی ئاشكراكرد و ڕایگەیاند "دوای ھەوڵ و ماندوبون، ھێزەكانی پۆلیس و ئاسایش توانییان بكوژانی مێرمنداڵەكەی گەڕەكی كەنەكەوەی سلێمانی دەستگیربكەن كە لەسێ كەس پێكھاتون".

بەوتەی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی، بكوژەكان ھاوڕێی مێرمنداڵەكەن و دوای لێكۆڵینەوەش لەگەڵیاندا، دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوە كە ئەوان ئەوكارەیان كردوە.

هاوكات "سپی" پەیوەندی كرد بە سەركەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی و ڕایگەیاند: تا ئێستا ئێمە لە دەستگیركردنەكە ئاگادارنین و لای ئاسایشە لە كاتژمێرەكانی داهاتودا زانیاری لەبارەوە بڵاودەكەینەوە

ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، نەقیب سەركەوت ئەحمەد بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرایكرد، تەرمی منداڵێكیان لەگەڕەكی كەنەكەوەی شاری سلێمانی دۆزیوەتەوە كە تەمەنی ١٣ ساڵە و ئاسەواری لێدان بەسەریەوە بوە، ئەو منداڵە ڕۆژێك پێشتر لەماڵەوە چۆتە دەرەوەو نەگەڕاوەتەوە. 



PM:03:17:30/04/2019