پۆلیسی سلێمانی ووردەکاری و هۆكاری كوشتنی مێردمنداڵەکەی سلێمانی ئاشكرا دەكات

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، دانپێدانانی دوو بكوژی مێردمنداڵەكەی گەڕەكی كەنەكەوە ئاشكرادەكات و دەڵێت: بۆ مۆبایلێكی گرانبەها کوشتویانە.

عەمید ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەمڕۆ 30ی 4ی 2019، بەهەوڵی هێزەكانی پۆلیسی سلێمانی، بەتایبەت بنكەی پۆلیسی تاسڵوجە، توانرا دوو كەس بە تۆمەتی كوشتنی مێردمنداڵەكەی گەڕەكی كەنەكەوە دەستگیر بكرێن.

وتیشی: "ئەو دوو تۆمەتبارە یەكێكیان تەمەنی 18 ساڵەو ئەوی دیكەیان تەمەنی 17 ساڵە، دوو رۆژ پێش تاوانەكە، پلانیان بۆ ئەنجامدانی داڕشتبوو، لەلێكۆڵینەوەكاندا دانیان بەتاوانەكەیاندا ناوەو لەلای پۆلیس بەندكراون".

عەمید ئاسۆ شێخ تەها راشیگەیاند: كوژراوەكە هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نەبووە، تۆمەتبارەكانیش بە گوێرەی قسەی خۆیان، بڕی (150) هەزار دینار قەرزدرابوون، كوژراوەكەش مۆبایلێكی گرانبەهای پێبووە لەگەڵ بڕی (30) هەزار دینار، بۆ مۆبایلەكەو پارەكە كوشتویانە.

دەربارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی تاوانەكەش، بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی وتی "یەكێك لەتۆمەتبارەكان هاوڕێی نزیكی كوژراوەكە بووە، شەو بانگیان كردووە بۆ شوێنێك، پاشان یەكێكیان دەستی خستۆتە بیناقاقای و ئەوی دیكەشیان بەردێكی كێشاوە بەسەریداو بەو هۆیەوە تووشی خوێنبەربوون بووە".


PM:07:24:30/04/2019