فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا شەش گوندی بناری قەندیلیان بۆردومانكرد

شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا شەش گوندی بناری قەندیلیان بۆردومانكرد، بەهۆیەوە زیانی ماددی بەر دانیشتوانی ئەو گوندانە كەوتووە.

شارەوانی بناری قەندیل لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە، لە درەنگانی شەودا دوو فڕۆكەی جەنگی توركیا، بۆ ماوەی كاتژمێر و نیوێك بە چڕی بۆردومانی سنوری گوندەكانی كوزینە و زارگەلی و بۆكریسكان و لێوژە و ئێندزە و كورتەكیان لەبناری قەندیل كردووە.

ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی بۆردومانەكەوە زیانی مادی گەورە بەر دانیشتوانی ئەو گوندانە كەوتووە، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی نەبووە.

ماوەی چەندین ساڵە فڕۆكە جەنگیەكانی توركیا ناوچە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان بە بیانووی بوونی گەریلاكانی پەكەكە بۆردومان دەكەن و بەهۆیەوە دەیان هاوڵاتی مەدەنی شەهیدبوون و زیانی زۆریش بە دانیشتوانی ناوچەكە گەشتووە.




PM:01:37:02/05/2019