لە هەڵەبجە هەلی کار رادەگەیەندرێت

قائیمقامی هەڵەبجە رایگەیاند، هەفتەی داهاتوو بە مەبەستی دابینكردنی هەلیكار و خولی راهێنان هەڵمەتی ناونووسینی بێكاران لە قەزای مەركەزی هەڵەبجە دەستپێدەکات.

نوخشە ناسیح، قائیمقامی هەڵەبجە لە ئاگادارییەكدا دانیشتووانی قەزای مەركەزی پارێزگای هەڵەبجە ئاگاداردەکاتەوە، کە لە هەفتەی داهاتوودا تیمێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاوکاری ڕێکخراوی (giz) ئەڵمانی دێنە پارێزگاکە بۆ تۆمار کردنی ناوی بێکاران لە نێوان (18 ساڵ بۆ 60 ساڵ) لە دەرچووی زانکۆ و پەیمانگا و گشت چینەکانیتر بە هەردوو ڕەگەزی نێر و مێ بە مەبەستی ڕەخساندنی ھەلی کار و ناونوسین بۆخولی راهێنان لە داھاتوودا.

وتیشی،  هەڵمەتەكە رۆژانی یەكشەمە و دووشەممە (5و6ی ئایار  لە کاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی تا 2:30خولەكی پاشنیوەڕۆ بەردەوام دەبێت و هەركەس خوازیاربێت دەتوانێت ناوی خۆی تۆمار بکات، تیمەکەش لە گەراجی بەرامبەر بینای سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە دادەنیشن.
قائیمقامی هەڵەبجە راشیگەیاند، بۆ خۆتۆمارکردن هاووڵاتیان پێویستیان بە ناسنامەی باری کەسێتی دەبێت، ئەو کەسەانەی خوازیاری زانیاری زیاترن دەتوانن پەیوەندی بکەن بە ژمارە مۆبایلی (07721435050) و تا كاتژمێر 10ی شەو وەڵامی پەیوەندییەكان دەدرێنەوە.


AM:12:07:03/05/2019