عەبدولخالق تەڵعەت دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری راگەیاند

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیرکردنی سێ تۆمەتباری راگەیاند کە  تاوانی کوشتنیان ئەنجامداوەو یەکێک لە تۆمەتبارەکان بەهۆی لێبڕانی مادەی هۆشبەر دایکی خۆی کوشتووە.

ئەمڕۆ شەممە ٤ی ئایاری ٢٠١٩ لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند"لە ماوەی رابردوودا چەند تاوانێک لە شاری هەولێر روویاندا، توانرا لە ماوەی کەمتر لە 24 کاژمێرا تاوانبارەکان دەستگیر بکرێن، کە تاوانی کوشتنیان ئەنجامدابوو".

وتیشی،"زۆربەی تاوانەکان لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی بوون، کە یەکێک لە تاوانبارەکان پێشتر ئالوودەی مادە هۆشبەرەکان بووە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی 8 مانگ دەستگیردەکرێت، دوای ئازادکردنی لەبەر ئەوەی مادەی هۆشبەری لێبڕاوە، تووشی حاڵەتێکی دەروونی بووەو بەوهۆیەوە دایکی خۆی کوشتووە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر رایگەیاند "دوو تۆمەتبارەکەی دیکەش بە هەمانشێوە لەسەر کێشەی کۆمەڵایەتی تاوانی کوشتنیان ئەنجامداوە، ئێستاش هەرسێ تاوانبارەکە بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادن دەستگیرکراون و رادەستی دادگا دەکرێن".

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، باری تاوان لەناو هەولێر بە رێژەیەکی یەکجار زۆر کەمبووەتەوە، لە بەرامبەردا رێککارەکان زۆر بووە دەتوانم بڵێم ئێستا سەتا 98ـی هەموو پەڕاوەکانی لێکۆڵینەوە کۆتاییان پێهاتووە، ئەو تاوانبارانەی تاوەکو ئێستا دەستگیر نەکراون، یان رایانکردووە یان شوێنیان دیار نییە، هەماهەنگی لەگەڵ شارەکانی دیکەش دەکەین بۆ دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارانەی بۆ شارەکانی دیکە رادەکەن، بە پێچەوانەشەوە تاوانبارێک رایکردبێت و لە هەولێر بێت زانیارمان پێبدرێت، دەستگیری دەکەین".



ئه‌م بابه‌ته ‌624 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:01:22:04/05/2019