وەزیری بازرگانی عێراق: خەرجکردنی شاستە داراییەکانی جوتیاران دواناکەوێت

وەزیری بازرگانی عێراق رایگەیاند، تائێستا 206 هەزار تۆن گەنم بەهەموو جۆر و پلەكانەوە  لەپارێزگاكان رادەستی سایلۆكان كراوە و دەڵێت "خەرجکردنی شاستە داراییەکان دواناکەوێت.
 
محەمەد عانی، وەزیری بازرگانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 6 ی ئایاری 2019  لەراگەیەندراوێكدا ئاشكرایكردووە، رێژەی رادەستكردنی گەنم لەناوەندەكانیان لەپارێزگاكانی ناوەڕاست و باشور تاوەكو كۆتای هەفتە دەگاتە سەرو 206 هەزار تۆن گەنم. 
 
ئاماژەی بەوەشكردووە، 195 هەزار تۆن گەنمی پلە یەك و  110 هەزار و 33 تۆن گەنمی پلە دوو  هەروەها 293 تەن گەنمی پلە سێ رادەستی بنكە و كۆمپانیاكان كراوە كە لەهەموو جۆرەكانی تێدایە". 
 
وەزیری بازرگانی عێراق باسی لەوەشكردووە، لەپارێزگاكانی ناوەڕاست زیاتر لە50 هەزار تەن گەنمیان رادەستكردووە كە شایستەكانیشیان لەلایەن كۆمپانیاكانەوە یەك بەیەك بووە". 
 
جەختی لەوەشكردووە، شایستە داراییەكانیان  دواناكەوێت و لەماوەی 72 كاتژمێردا بۆخەرج دەكرێت. 
 
ئاشكراشیكردووە، كە بڕی خەرجكردنی پارەی گەنمەكان تائێستا زیاتر لە 63 ملیار و 395 ملیۆن و 115 هەزار دیناری عێراقی بووە.


PM:05:50:06/05/2019