فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا شیلادزێیان بۆردومانکرد

پاش بڵاوکردنەوەی پەیامی ئۆجەلان لەلایەن پارێزەرانیەوە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چیای کورەژاریان لە سنوری ناحیەی شێلادزێی سەربە قەزای ئامێدی بۆردومانکرد.

ئەمڕۆ دووشەممە ٦ی ئایاری ٢٠١٩ کاتژمێر شەشی ئێوارە پێنج فڕۆکەی جەنگیی تورکیا دوو جار بۆمبارانی چیای کورەژاریان کردووە.

بۆمبارانەکە تەنها دوو کیلۆمەتر لە سەنتەری ناحیەی شێلادزێوە دووربووە و، ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری خستووەتە دڵی دانیشتووانی ناوچەکەوە، بەڵام تا ئێستا زیانی بۆمبارانەکە نەزانراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە سێ ڕۆژ لەمەوبەر فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، چیای مەتینیان لە قەزای ئامێدی بۆمبارانکرد.

سوپای تورکیا بە بیانووی بوونی گەریلاکانی پەکەکە بە شێوەیەکی نیمچە ڕۆژانە سنوری ناوچە ئاوەدانییەکانی ناو هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات، کە بەهۆیانەوە ترس و دڵەڕاوکێی بۆ دانیشتووانی ئەو ناوچانە دروستکردووە و، ناتوانن وەک پێویست بچنە سەر ڕەز و باخەکانیان.



PM:06:26:06/05/2019