جەهەپە: دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن لە ئیستانبول دیکتاتۆرییە

پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) کە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە ئیستەنبول سەرکەوتنی بەدەست هێنا، دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردنەكان بەدیكتاتۆیەكی ئاشكرا ناودەبات.
 
ئۆرنوساڵ ئەدیگۆزیل، جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری تورکیا لە تویتێکدا ڕایگەیاند،"ئەم دەسەڵاتەى تورکیا کە خواستى گەل هەڵدەوەشێننەوە و یاسا پێشێل دەکەن، هیچ دیموکراسی و شەرعی نیە و دیکتاتۆریەتە".
 
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە بەرپرسانی پارتی گەلی کۆماری-جەهەپە لەگەڵ ئەندامانیان لە پەرلەمانی تورکیا کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەبارەی بڕیاری کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵ دەکەن.
  
رۆژی دووشەممە 6ی ئایار، کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی و دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنی شارەوانی ئیستانبوڵی لە 23ی حوزەیران دەرکرد.

لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی ئازاری ئەمساڵ، لە شاری ئیستەنبوڵ، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کاندیدی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) بە بەدەستهێنانی چوار میلۆن و ١٥٩ هەزار و ٦٥٠ دەنگ (٤٨.٨٠%)  بووە براوەی هەڵبژاردنەکان و سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵی بەدەستهێنا و لە بەرامبەردا بیناڵی یڵدرم کاندیدی پارتی داد و گەشەپێدان بە بەدەستهێنانی چوار ملیۆن و ١٣٠ ھەزار و ١٩٠ دەنگ ( ٤٨.٤٨ ٪)‏ سەرۆکایەتی شارەوانی ئیستەنبوڵی لەدەستدا.

 

AM:09:36:07/05/2019