ئەمریكا: ئێران پلانی هەیە هێرش بكاتە سەر هێزەكانمان

چەند بەرپرسێكی باڵای ئەمریكا رایاگەیاندووە، زانیاری هەواڵگریان پێگەشتووە كە هێزەكانی ئێران پلانیان هەیە هێرشبكەنە سەر هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.

ماڵپەڕی "سی ئێن ئێن"ی ئەمریكی لە زاری چەند بەرپرسێكی ئەمریكاوە بڵاویكردۆتەوە مەترسی پێكدادانی نێوان هێزەكانی ئەمریكا و هێزە چەكدارییەكانی نزیك لە ئێران لە خاكی عێراقدا هەیە.

ئەو بەرپرسانە ئەوەیان ئاشكراكردووە "زانیاری هەواڵگری ورد و باوەڕپێكراویان پێگەیشتووە كە هێزەكانی ئێران و گروپە چەكدارییەكانی نزیك لەو وڵاتە پلانیان هەیە لە چەند ناوچەیەك لە نێویشیاندا عێراق، هێرشبكەنە سەر هێزەكانی ئەمریكا.

جەختیشیان كردۆتەوە ئەو زانیارییە هەواڵگریانە هۆكاربووە بۆ ئەوەی پێنتاگۆن كەشتییەكی فڕۆكە هەڵگر ڕەوانەی كەنارە ئاوییەكانی ئێران بكات.
مایك پۆمپیۆ لە سەردانەكەی دوێنێیدا بۆ عێراق بە ڕۆژنامەنوسانی وتووە، " توانا هەواڵگرییەكانی ئەمریكا زۆر تایبەتمەندە لە ئاشكراكردنی هەر هێرشێكی لەناكاو، هیوادارم ئێرانییەكان دوو جار بیربكەنەوە لە بارەی هێرشكردنە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا".

ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەمریكا بەرپرسانی عێراقی ئاگاداركردووتەوە كە پێویستە ئەو هێزە چەكدارانەی لە ژێر كۆنترۆڵی ئێراندان بخرێنە ژێر فەرمانی حكومەتی عێراق، لەبەر ئەوەی بەم هەنگاوە "هێزە چەكدارەكان دەتوانن رۆڵێكی كاراتر ببینن لە ئارامی عێراق".

دەربارەی ناردنی فڕۆكە و كەرەستەی سەربازیش بۆ كەناراوەكانی كەنداو پۆمپیۆ رایگەیاندووە، واشنتۆن دەیەوێت پارێزگاری لە بەرژەوەندییەكانی خۆی بەرامبەر هەڕەشەكانی ئێران بكات و دەیەوێت گەرەنتی ئەوە بكات هێزەكانی ئەمریكا توانای بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی هەیە.

نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراقیش  دەربارەی دیداری عادل عەبدولمەهدی و مایك پۆمپیۆ لە راگەێندراوێكدا ئاماژەی بەوەكرد، "عادل عەبدولمەهدی جەختیكردووەتەوە لە پاراستنی پەیوەندی ستراتیژی نێوان بەغدا و واشنتن و پاراستنی هاوسەنگی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتان لە ناویشیاندا ئێران وەكو وڵاتێكی دراوسێ".

سەردانەكەی پۆمپیۆ داوی ئەوە هات  رۆژی ٦ی ئایاری ٢٠١٩، جۆن بۆڵتۆن ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی فڕۆكە هەڵگری ئەبراهام لینكۆلنی بۆ ئاوەكانی كەنداو ڕەوانەكردووە، ئەوەش پەیامێكی ڕوونی ئەمریكایە بۆ ئێران، كە هەر هێرشێك بكرێتە سەر هاوپەیمان و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، بە توندی وەڵامی دەدرێتەوە.



AM:11:39:08/05/2019